کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ڕۆژی جلی کوردی لە کۆیە بەڕێوە چوو

16:43 - 18 رەشەمه 2722

قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی تێکەڵاوی بنەڕەتی، بەبۆنەی ڕۆژی جلوبەرگی کوردییەوە، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی مامۆستایان، قوتابییان و بنەماڵەی قوتابییان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جلوبەرگی کوردی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد، پاشان مامۆستا "نەبەز"، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە مووشەکبارانی قوتابخانەی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، وتی: "سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتە کە لە بەردەم قوتابییان و ساڵی خوێندندا پێش هات، بە هەوڵ و هیمەتی مامۆستایانی خۆشەویست و بنەماڵەی قوتابییان، توانیومانە بۆ جارێکی دیکە لە ڕۆژی جلوبەرگی کوردیدا لە دەوری یەک کۆ ببینەوە و ئەو ڕۆژە بەرز ڕابگرین."

لەو ڕێوڕەسمەدا چەند سروود و پارچە شێعرێک لەلایەن بەشداران و قوتابییانەوە پێشکەش کرا و کۆتا بەشی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێ هات.