کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەواز بۆ هاوکاری کردنی کۆمیتەی بەدوادا چوونی ڕاستیەکان سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ( کمیتە حقیقت یاب سازمان ملل متحد)

22:11 - 18 رەشەمه 2722

هاونیشتمانیانی بەڕێز، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!


هەروەک خۆتان ئاگادارن دوای سەرکوتی بێ بەزەییانەی خەڵک، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، هەر لە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەرانەوە بگرە تا گرتن و شکەنجەی دەسبەسەر کراوان و دەستدرێژی کردنە سەریان،و دانپێدانانی زۆرەملێ و لە سێدارەدانی خەڵکی ناڕازی، ڕۆژی ٣ی سەرماوەز کۆمیتەیەک بە ناوی کۆمیتەی بەدواداچوونی ڕاستیەکان لە لایەن شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی ڕاستیەکان بۆ ئێران پێکهات. 

پێکهاتنی ئەو کۆمیتەیە دوای ئەوە هات کە کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سەرکوتی خوێناوی و بێ بەزەییانەی خەڵک، حاشای لە هەموو ئەو جینایەتانە دەکرد کە بە شێوەی سیستماتیک لەم چەند مانگەدا دەرحەق بە خەڵکی ئێرانی کردووە. بۆیە لە سەر داوای کۆمەڵێک لە چالاکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کۆمیتەی بەدواداچوونی ڕاستییەکان لە لایەن شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێکهات. 

کۆماری ئیسلامی کە تاوانبارە بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ هەتا ئێستا بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی کۆمیتەی بەدواداچوونی  ڕاستیەکانی نەکردووە و بەردەوام حاشا لە جینایەتەکانی خۆی دەکا. بەداخەوە وەک هەمیشە کوردستان لەم جینایەتانەی ئەم جارەی هێزەسەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا دیسان پشکی شێری بەرکەوت و بە سەدان کەس شەهید و بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش ڕاپێچی زیندانەکان کران، بۆیە لە ڕێگای ئەم بانگەوازەوە لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە هەرچەشنە بەڵگە یا زانیارییەکیان لە لایە داوا دەکەین کە بەڵگە و زانیارییەکان ڕادەستی کۆمیتەی بەدواداچوونی  ڕاستیەکان بکەن، بەڵکوو بکرێ بە کۆکردنەوەی ئەو بەڵگانە لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکێشرێنە بەردەم دادگا و موحاکمە بکرێن. 

تکایە بەڵگە و زانیارییەکانتان بەو ئیمەیل ئادرێسەی خوارەوە بۆ کۆمیتەی بەدواداچوون و دۆزینەوەی ڕاستییەکان بنێرن :

[email protected]

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
١٧ ڕەشەمەی ١٤٠١
٨ی مارسی ٢٠٢٣