ڕەزا دانشجوو
خەزانی باوکسالار یان خەزانی خۆسەپێن (El otono del patriarka) ناوی بەرهەمێکی "گابریل گارسیا مارکێز"، یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی مێژوویە. کتێبێک کە لە ڕوانگەی زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی بەرهەمێکی ناوازەیە و یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخ.
"مارکێز" لەم کتێبەدا دوور لە تایبەتمەندییەکانی کات و شوێن کارەکتەرەکانی چیرۆکەکە دەناسێنێت، ئەم کارەکتەرانەی بە یارمەتیی قەڵەمە بەهێزەکەی مارکێز زۆر ڕاست و باوەڕپێکراو دێنە بەرچاو. مارکێز لە وەسفکردنی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەدا پارادۆکسێکی ناوازە دەخاتە ڕوو: ستەمکاری و تۆتالیتاریزمی ژەنەڕاڵێکی پیر کە هەندێکجار وەک کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور و بە دوور لە توانایی مرۆڤ خۆی نیشان دەدا، بەڵام لە ژیانی کەسی و سۆزداریی خۆیدا وەک مرۆڤێکی تەواو لاواز و بێتوانا دەردەکەوێت. هەرچەند وەک باس کرا چیرۆکەکە کات و شوێنێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام ئەوەی مارکێز وێنای دەکات زۆر نزیکە لەو واقعییانەی کە لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی ژەنەڕاڵ "فڕانکۆ" لە ئیسپانیا و "ڕافایل ترۆخیلۆ" لە کۆماری دۆمینیکەن ڕوویان داوە. باوکسالار نوێنەرایەتیی تەواوی پاوانخوازان و دیکتاتۆرەکانی جیهان دەکات، ئەو نموونەی گەندەڵیی دەسەڵاتی ڕەهایە. تایبەتمەندی سەرەکی باوکسالار ئەم تەنیاییە هەستپێکراوە کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ترسی هەمیشەیی ئەو لە شۆڕش. نیگای کۆمێدی، وردبین و هەندێکجار گاڵتەجاڕانەی مارکێز جوانییەکی تایبەت بە گێڕانەوەکانی دەبەخشێت، بۆ نموونە کاتێک منداڵی باوکسالار لەدایک دەبێت، پلەی ژەنەڕاڵی پێ دەدرێت و لەو کاتەوە ئەم منداڵە لەنێو گالیسکەوە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوە فەرمییەکان دەکات! یان لە شوێنێکی تر دەخوێنینەوە کە بەپێچەوانەی هەموو ئەو دروشمانەی کە دەیخاتە ڕوو، باوکسالار بەتەواوی بەرانبەر بە ئیمپریالیزم بێدەسەڵاتە. بۆ نموونە ژمارەیەک باڵیۆزی ئەمریکا داوای دەریای" کارائیب" دەکەن وەک بەڵێنێک بەرانبەر بەو سوودە زەبەلاحەی کە حکوومەت ناچارە بۆ قەرزە دەرەکییەکەی بیدات!
ئەوەی زۆر وشیارانه له "خەزانی باوکسالار" پەیڕەو دەکرێت، خۆسەری و خۆسپاندنی دیکتاتۆرێکە کە بە هۆی شێوازی هەڵسوکەوتی له سەردەمی حوکمڕانییەکەیدا، ئێستا هیچ دۆستێکی نییه و له هەموو کاتێک تەنیاترە. لە یەکێک لە گێڕانەوە گرنگەکانی ئەم کتێبەدا، ژەنەڕاڵی پیر گومان لە وەزیری جەنگ، ژەنەڕاڵ "ڕۆدریگۆ ئەگویلار" دەکات کە یەکێکە لە هاوڕێ کۆنەکانی.
لە گەرمەی شۆڕشی خەڵک کە هەڕەشە لە حکوومەتەکەی دەکات، هەموو بەرپرسە باڵاکانی وڵات و سوپا بانگهێشتی خوانێک دەکات. شەو گەیشتووەتە نیوەی و وەزیری شەڕ، ژەنەڕاڵ "ئەگویلار" کە کردە و تاوانەکانی هۆکاری سەرەکیی شۆڕشی خەڵکە بەڵام لە هەمان کاتدا بە نهێنی هاوکاریی سەرکردەکانی شۆڕش دەکات، هێشتا بەشداریی لە ئاهەنگەکەدا نەکردووە. گێڕەرەوە کە وادیارە یەکێکە لە ئامادەبووانی ئەو ئاهەنگە، دیمەنەکە بەم شێوەیە وەسف دەکات: نیوەشەو بوو و هێشتا هیچ هەواڵێکی ژەنەڕاڵ "ئەگویلار" نەبوو، کەسێک ئیزنی خواست تا بڕوا وگوتی: بە مۆڵەتی ئێوە! ژەنڕاڵی پیر بە نیگایەکی کوشندە کە دەیگوت کەس نەجووڵێت، کەس هەناسە نەکێشێت، کەس بەبێ مۆڵەتی من نابێ بژی, وای کرد ئەم کەسە بێ قسەکردنی زیاتر زوو بگەڕێتەوە شوێنی خۆی! کەمێک دواتر ژەنەڕاڵی بەناوبانگ و وەزیری شەڕ "ڕۆدریگۆ ئەگویلار" کە لەسەر کەشەفێکی زیوین درێژ کراوە، دەردەکەوێت، لە کاتێکدا بە گوڵەکەلەم و سەوزی و ... وەک خواردن ڕازاوەتەوە وسوورکراوەتەوە! جلی گرانبەها لەبەر و پێنج بادامی زێڕین لەسەر شان، نیشانی ئازایەتی لەسەر قۆڵە کۆکراوە دەستە براوەکەی و حەوت کیلۆ مەدالیا لەسەر سینگ و دەستەیەک سەوزیی جەعفەری لە دەمدا، ئامادە بۆ پارچەپارچە کردن و خواردن! بە بەرچاوی ئێمە، میوانانی ئەم جەژنە دۆستانەیە، کە هەمووان لە ترسان چاوبەمۆڵەق ڕاوەستابوون و تووشی هەناسەبڕکێ ببوون، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی خۆشیبڕین و دابەشکردندا کرد. پاشان کە پارچەیەک لە وەزیری شەڕ بە سەوزی و ناوەکی سنەوبەر لەسەر دەوری هەر کەسێک دانرا، باوکسالار فەرمانی دا کە دەست پێ بکەین: نۆشی گیان...
شۆڕشی ژینا وەک بوومەلەرزەیەکی بەهێز تانوپۆی دیکتاتۆرییەتی عەلی خامنەیی هەژاند و بەرهەڵستی هەموو ئەو بەهایانە بوویەوە کە ساڵیانی ساڵ بوو ڕێژێمی ویلایەتی فەقێهـ بە سەر خەڵکی داسەپاندبوو، لە ڕاستیدا هەموو ئەو شتانەی کە کۆماری درۆ و خۆنمایشی ئێسلامی ساڵانێک بە تێچوویەکی زۆرەوە وەک ڕێساگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بونیادی نابووه و بیری دەکردەوە ئێستا دەتوانێت لە سێبەری ئەواندا دابنیشێت و حوکم بکات، لە بوومەلەرزەیەکی بەهێز و لەناکاودا هەژا و بە سەریەکدا ڕما. هەرچەندە دیکتاتۆری وەهمی وەک ژەنەڕاڵە پیرەکەی چیرۆکی مارکێز هەوڵی دا خۆی بەهێز نیشان بدات و باسی لە دارێکی پتەوی خەیاڵی کرد کە کەس ناتوانێ لە ڕیشەی دەربێنێت، بەڵام ڕووخساری زەرد و ماندوی باوکسالار زیاتر لە هەر کاتێکی تر باسی تەنیایی دیکتاتۆری پیر دەکات. ئەو دیکتاتۆرەی کە ساڵانێک لەمەوبەر بۆ چاوترساندنی نۆکەرانی، هاوڕێ پەنجا ساڵانەکەی لەنێو حەوزدا خنکاند، ئێستا بە گۆڕینی سەرۆکی دەزگای سەرکووتکردن و هەندێک فەرماندەی سەربازیی دیکە هەوڵی دا لە هەمان کاتدا کە شکستی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدا دەخاتە سەر شانی فەرماندە نیزامییەکان؛ جارێکی دیکە نیشانی نۆکەرانی بدات کە دڕندەیی و توندوتیژیی باوکسالار بێکۆتاییە.
لە کاتێکدا کەشوهەوای شەقامەکان بە هۆی ناتەبایی هەندێک ڕەوتی تۆتالیتاری ئۆپۆزسیۆنەوە کەمێک هێور بووەتەوە و ژەنەڕاڵی پیر پێیوابوو دەتوانێت هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵمژێت، دەسپێکردنەوەی مانگرتنی کرێکاران و خانەنشینان لە زۆر شوێنی جیاوازدا لە سەروبەندی ساڵی نوێدا دیسان بووە هۆی پەرۆشی و سەرلێشێواویی باوکسالار. بەڵام ئەوە تەنیابەشی ئەوە چیرۆکە تازەیە نییە. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بێتوانایی تەواوی حکوومەتی بوکەڵەیی "ئیبراهیم ڕەئیسی" ئابووریی نەخۆشی کۆماری ئیسلامیی خستۆتە لێواری داڕمانەوە. دۆخێک کە دەنگی ناڕەزایەتی و پەرۆشی زۆرێک لە شارەزایانی ئابووری لێ کەوتووەتەوە، بەڵام دیکتاتۆری پیر وەک هەمیشە بەکاردانەوەیەکی هیستریک بە شێوەی هەموو دیکتاتۆرەکان ڕەخنەی لەو وریاکردنەوانە گرت و بە بێبنەمای زانین.
دیکتاتۆری تەنیا و گۆشەگیری چیرۆکەکەمان، لە لێکچوونێکی ناوازە لەگەڵ باوکسالاری چیرۆکی مارکێز، ئێستا بێهیوا لە خەڵک، دوور لە دروشمی بێ بنەما و فریودەری" مەرگ بۆ ئیمپریالیزم"، بەدوای دەرکەیەک دەگەڕێت بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ "شەیتانی گەورە". هاوشێوەی باوکسالار، دیکتاتۆر بۆ ڕازیکردنی زڵهێزەکان ناچار بوو کەنداوی فارس و دەریای عومانی ڕادەستی چینییەکان و دەریای خەزەری تەحویلی ڕووسەکان بدا و ئێستا دەستی بۆ لای ئەمریکا درێژ کردووە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات. ئێستا بۆ دیکتاتۆری تەنیا و گۆشەگیر تەنیا شتێک گرنگە، ڕاگرتنی تاج و تەخت.
بەڵام دۆخەکە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی دیکتاتۆردا نییە، داڕمانی ئابووری، ترس لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر شەقام، کابوسی بەردەوامی چوارشەممە سووری و نەورۆز و هتد، هەموو داتاکان ئاماژەن بۆ ڕووداوی زۆر پێشبینینەکراو، ڕووداوگەلێک کە دەتوانن داری کۆن و ڕزیوی دیکتاتۆر لە ڕیشە دەربێنن و نەمامێکی نوێ لە شوێنی بچێنن.
بەهار وەرزی گەشەکردنە، وەرزی بەئاگابوونەوە و وشیارییە، بەڵام بۆ باوکسالار پاییزێکی سارد و خەمگینە، وەرزی کەوتنی لقەکان، کاتی گەڵاڕێزانی یارمەتیدەران و بەکرێگیراوانی باوکسالار، وەرزی کۆتایی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتی نەورۆز و بەهاردا.