ئەلبورز ڕۆئینتەن
هەر ڕێکخراوێکی دیاریکراو سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەماکانی جیاواز دیاری دەکات، ئەو بنەمایانە دەکرێ بنەمای ئایدۆلۆژییەکی باو یا بەرژەوەندییەکانی تاک و تاقم یا بەگوێرەی بەرژەوەندی گشتی لەوانە گەل و نیشتمان بێت.
هەڵسەنگاندنی ئەو سیاسەتە و لێکەوتەکانی ئەوەمان بۆ دەر دەخەن کە ئەو سیاسەتە تا چەند توانیویەتی خزمەت بە گەل و نیشتمان بکات. چونکە هەموو لایەک پێی وایە لەو ڕاستایەدا واتە خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان کار دەکات، بەڵام لێکەوتەکانی سیاسەتن دەری دەخەن کە ئەو بانگەشەیە ڕاستە یا نا. بێگومان لە کۆتاییشدا هەر ئەو هێز و ڕێکخراوانە دەتوانن پێگەی جەماوەریی خۆیان و سەرکەوتنیان بە بەردەوامی مسۆگەر بکەن کە سیاسەتەکانیان لە پێناو گەل و نیشتمان بووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەم ڕێکخراوی مودێرنی کوردی و مێژوویەکی درێژ لە خەباتی سیاسی و ئەزموونێکی زۆر لە بەڕێوەبەری شایەنی لێکۆلینەوەیە بۆ ئەوەی هەڵسانگاندنێک بکرێت کە تا چەند سیاسەتەکانی لە چوارچێوەی سیاسەتی گەل و نیشتمانتەوەریدا جێ دەگرێ، بێگومان لێرەدا ئامانج نەدیتینی کەموکوڕییەکان یا گشتاندنی سیاسەتە ئەرێنییەکان بە سەر هەموو قوناغەکاندا نییە. هەروەها هەڵسەنگاندنی هەموو مێژووی حیزب لە توانای ئەو کورتەنووسینەدا نییە، بەڵام ئەوەی لەو بابەتەدا ئاماژەی دەدرێتێ پەیوەندیدارە بە سێ قوناغی دامەزران، ئاشکرابوونی خەباتی حیزب دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هەروەها هەڵوێستە فەرمییەکانی حیزب لە ئێستادا لە پێناو پێکهینانی ئالتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.
لە قوناغی دامەزراندنی حیزب کە دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لێ کەوتەوە لە هەموو قوناغەکاندا سیاسەتی حیزب لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانتەوەرییە. بۆ نموونە پێشەوا قازی محەممەد ویست و داوای باقرۆف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان ڕەت دەکاتەوە کە کۆماری کوردستان بەشێک بێت لە ئازەربایجان. یان دەبینین کە هەموو هەوڵەکان و بڕیارەکانی ئەوکاتی کۆماری کوردستان لە پێناو بوژانەوەی کۆمەڵگەی کوردی و ئازادی کوردستان تا گیانبەختکردنی سەرۆک کۆماری کوردستان لە پێناو پاراستنی خەڵک، لە هەر هەموویاندا سیاسەتی حیزب لەسەر بنەمای پاراستنی گەل و خاکە. هەر ئەوەش وای کردوە کۆماری کوردستان و پێشەوای نەمر لە مێژووی کورددا شوێنێکی وا دەستەبەر بکەن کە نەک فەراموشکردنی ئاسان نەبێت، بگرە تەنانەت هەروا ئیلهامبەخش بمێنێتەوە.
قوناغی دووەم پەیوەندی بە ئاشکراکردنی خەباتی حیزب دوای ماوەیەکی زۆر لە دوای کۆماری کوردستان کە توانیبووی بەردەوامی بە چالاکیی خۆی بدات، هەیە. لە هەلومەرجێکدا لە دونیای گەرمی سیاسەتی ئەوکات بەئاشکرا و نهینی کاراکتەرەکانی سیاسەت سەر بەم جەمسەر و ئەو جەمسەر یا سەر بەم ئایدۆلۆژیایە و ئایدۆلۆژیایەکی دژ بوون، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە دیدارێکی مێژوویی سەدان هەزار کەسیی خەڵک کە لە هەموو کوردستانەوە هاتبوونە مەهاباد، بەئاشکرا گوت کورد بۆ خۆی چارەنووسی خۆیا دیاری دەکات و موسکۆ، واشینگتۆن، تاران یا بەغدا بڕیار لە چارەنووسی کورد نادەن. ئەو وێژمانە بۆ چەپەکان تابو بوو کە باسی مۆسکو بکرێ، هەروەها بۆ ئەوانەی خۆیان بە ناوەند دەبەستەوە، بەڵام بۆ هێزێکی گەورەی خەڵکی وەک حیزبی دێموکرات زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو کە پێویستە سیاسەت لەپێناو ئەوەی کورد بۆ خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بکرێ.
لە قوناغی ئێستاشدا کە دەبینین دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە کورد بۆ هەڵگیرسان و پەرەسەندنەکەی تێچوویەکی یەکجار زۆری داوە و، هەندێ هێز و لایەن بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێ بەر لە هەر بابەتێک بە بیانووی جیاواز کورد و ویستە ڕەواکانی پەراوێز بخەن؛ ڕێک لەو کاتەدا بەرپرسی یەکەمی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێک کە پڕۆپاگەندەی زۆری بۆ دەکرێ بە هۆی ڕەچاونەکردنی مافەکانی کورد ڕەت دەکاتەوە. ئەو بڕیارەش پێش هەمووان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە و دواتر لە لایەن هەر ئازادیخوازێک بەگەرمی پێشوازیی لێ دەکرێت. بەوەش جارێکی دیکە و نزیکەی هەشت دەیە دوای دامەزران و چوار دەیە پاش ئەوەی خەباتی خۆی بەئاشکرا ڕاگەیاندوە، هەر بەدوای ئەوەدا دەڕوات کە تەسلیمی پڕوپاگەندە نەبێت، بەڵکوو لە پێناو ویستەکانی گەلدا سیاست بکات و ئامانجی سەرەکی هەر نیشتمان بێت.
سیاسەتی گەلی و نیشتمانتەوەر دەتوانێ پێگەی تاک و ڕێکخراو بەهێز و بەهێزتر بکات و هیوای گەیشتن بە ئازادی نەتەوە و خاک مسۆگەر بکات، سیاسەتی گەل و نیشتمانتەوەر دەخوازێ کە کورد لەسەر مافەکانی ویستە ڕەواکانی پێداگر بێت، لە ڕوانگەیەکی واقیعگەرایانە بڕوانەتە بابەتەکان بە دوای بەرژەوەندیی کورتماوە نەبێت و لە هەمووشی گرینگتر بۆ کورد بە لە بەرچاو گرتنی مێژووە خوێناوییەکەی و نیشتمانە بندەستەکەی فریو نەخوات و ئازایانە بەرگری لە گەل و نیشتمان لە هەموو ئاستەکان و دەرفەتەکاندا بکات.