کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیستمی ماڵیی ئینستێکس بەهۆی هاوکارینەکردنی کۆماری ئیسلامی لە ناردنی دەرمان بۆ ئێران هەڵوەشایەوە

10:45 - 19 رەشەمه 2722

دە وڵاتی ئورووپایی بەشدار لە سیستمی ماڵیی ''ئینستێکس'' کە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە بۆ ئاسانکاری لە ناردنی دەرمان و کەلوپەلی گرینگ بۆ ئێران پێک هات، بەهۆی هاوکارینەکردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە ناردنی پێداویستییە دەرمانییەکانی خەڵکی ئیران، ئەو سیستمە هەڵوەشاوە.

بریتانیا و ئاڵمان و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەبارەی بڕیاری ئەو وڵاتانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی ئینستێکس لەگەڵ ئێران وتوویانە کە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سیاسی و بە شێوەی سیستماتیک و بەئەنقەست پێشی بە ناردنی دەرمان و هاوکارییە مروڤدۆستانەکان گرتووە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێت بە هاوکارینەکردن لەگەڵ ئینستێکس بۆ ناردنی دەرمان و کەلوپەلە گرینگەکان کە بۆ خەڵک پێوستن، بەپێچەوانەی بەرژەوەندیی خەڵک هەنگاویان هەڵگرتووە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئینستێکس خۆی دەبوارد کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو هەناردەکارانی ئورووپایی بە شێوەی بەردەوام و بەربڵاو ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریی مرۆڤدۆستانە دەڕبڕیوە.

ئینستێکس وەکوو بەشێک لە هەوڵەکانی بەربڵاوی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا، بۆ پاراستنی ڕێککەوتنامەی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران پێک هاتبوو و وڵاتانی بێلژیک، دانمارک، فینلاند، فەرانسە، ئاڵمان، هولەند، نۆروێژ، ئیسپانیا و سوید تێیدا بەشدار بوون.