خاتوو هێلێن (نەسرین) قاسملوو، هاوسەری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خاتوو هێلێن قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور قاسملوو کە لەنێو پێشمەرگەکان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بە "خوشکە نەسرین" بەناوبانگ بوو، لە تەمەنی ٨٩ ساڵی و لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕانسە کۆچی دوایی کرد.
خاتوو هێلێن قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور قاسملوو لە کتێبەکەی بە ناوی "ئورووپاییەک لە وڵاتانی کورداندا" ئاوڕێکی وردی لە ژیان و بەسەرهاتی خۆی لە قۆناغە سەخت و هەڵەمووتەکانی مێژووی خەباتی کورد لە ئێران داوەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێلێن قاسملوو و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، ڕادەگەیەنێت کە دواتر ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەو پێوەندییەدا ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.