تاهیر قاسمی
بەدەر لەوە کە لە ئێران ڕۆژانە چەندە خەڵک لەسەر شەقامن، چ دروشمێک دەڵێنەوە یان تا چەند دەکەونە بەر هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگەی ئێران لە حاڵی شۆڕش و گۆڕانکاریی قووڵ و بنەڕەتیدایە. ئەوە بابەتێکە زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لەسەری کۆکن. لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا خەڵکی ئێران بە هەموو لایەکیان پێشان دا کە ئەم ڕێژیمە چیدی لەنێو خەڵکی ئێراندا جێگای نەماوە.
ڕوون نییە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە چەندە دەکێشێ و چ قۆناغگەلێک تێپەڕ دەکا. ڕێژیمێک کە وەک ئۆختاپووس پەلی بۆ زۆر شوێن هاویشتووە و چل ساڵە خۆی بۆ نەڕووخان تەیار دەکا، سروشتییە بەئاسانی دەست لە دەسەڵات بەرنادا. لەم چل و چەند ساڵەدا ڕێژیم بە کەلکوەرگرتن لە هەستی ئایینی و بەو پووڵە زۆرەی ساڵانە لە فرۆشی نەوتی ئێران دەستی دەکەوێ، هەم لەباری چەکوچۆڵ و ئامرازەکانی سەرکوت خۆی یەکجار بەهێز کردووە و هەم پەلی بۆ زۆر شوێنیان هاویشتووە و لە زۆر وڵاتان چنگی گیر کردووە. بەڵام بە هەموو ئەو هەڵسووکەوتانەی بەرامبەر بە خەڵک و لە شێوەی ئیدارەکردنی وڵاتدا دەردەکەوێ، ڕوونە کە ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە لە هەمووان زیاتر دەزانن کە ئیدی جێگایان لەنێو خەڵکدا نەماوە. جا ئەوە کە چەند مانگ یان چەند ساڵی دیکە دەتوانن خۆ ڕابگرن و بمێننەوە، لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە ڕۆیشتن و ڕووخانی مسۆگەرە.
لەم نێوەدا ئەوەی کەڵکەڵەی خەڵک بە تایبەت نەتەوە و ڕەگەز و ئایینە هەرە ستەملێکراوەکانە، ئەوەیە کە بە ڕووخانی ئەم ڕێژیمە کێ جێی دەگرێتەوە و داهاتووی مافەکانی ئەوان لە ڕێژیمی داهاتوودا چۆن دەبێ؟ لەم نێوەشدا بەپێی ماوەی خەبات و ڕادەی قوربانیدان، خەم و نیگەرانییەکانی گەلی کورد لە سەرەوەی نیگەرانییەکانی زۆربەی گەلان و ستەملێکراوەکانی دیکەیە. نەتەوەیەک کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنەسەرکاری ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییەوە، لەسەر ماف و ئازادییەکانی خۆی درێژەی بەو خەباتە دا کە تا ئەودەم زیاتر لە نیو سەدە بوو دژ بە ڕێژیمی تازەڕووخاو لەئارادا بوو. لەسەر بنەمای ئەم پێشینەی خەباتە، کورد لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، زیاترین حزووری لەسەر شەقامەکان هەبووە، زیاترین مانگرتنی گشتی بەڕێوە بردووە و زیاترین تێچووی گیانی و دارایی پێشکەش بەو سەرهەڵدانە کردووە. لە دەرەوەی وڵاتیش کوردان بە شێوەی بەردەوام لە زۆربەی پێتەخت و شارە گرینگەکانی جیهان بە دەیان جار خۆپێشاندان و کۆبووەیان دژ بە ڕێژیم و بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی نێوخۆ ڕێک خستووە و لەهەر خۆپێشاندان و گردبوونەوەیەکی ئێرانییەکاندا بە بەرچاوترین شێوە و زیاترین ڕێژە ئاڵا و هێما نەتەوەییەکانیان شەکاندوەتەوە.
لەگەڵ درێژەکێشانی شۆڕش و چالاکیی گەل لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و لەگەڵ ئەو هەموو فیداکاری و گیانبازییە، ئەوەی کە دەبێ بەرهەمی ئەو ڕەنج و قوربانیدانە بە دروستترین و باشترین شێوە، بە قازانجی پێشخستنی چارەسەری پرسی ئەم نەتەوەیە بچنێتەوە، حیزبە سیاسییەکانی کوردستانن. بەشی زۆری ئەو چالاکی و فیداکارییانەی خەڵک لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کردیان، لەسەر بانگەواز و بە پێی ڕێنماییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بوو. ئەوان لەسەر بانگەوازی ناوەند، هاتنەسەر شەقام، دووکان و بازاڕیان داخست، بریندار بوون، بێڕێزییان پێ کرا و خوێنیان دا. ڕەنگە زۆریان هەر بۆیان گرینگ نەبێ کە ناوەند هەموو حیزبەکانی کوردستانی دەخۆ نەگرتووە. ئەوەی بۆ ئەوان گرینگ بووە و گرینگە یەکگرتوویی نێوماڵی کوردە. هەمان یەکگرتوویی کە ئەوان لەسەر شەقام و بازاڕ و لە چلەی شەهیدەکاندا نواندیان، ئێستا چاوەڕوانن حیزبەکانی ناوەند و دەرەوەی ناوەندیش بە هەمان یەکگرتووییەوە دەست بە چنینەوەی بەرهەمی خەبات بکەن. چاوەڕوانن ئەگەر بەرەیەکی ئێرانی دێتە ئاراوە، حیزبەکان بە یەکەوە بڕیار لەسەر پەیوەست بوون و نەبوون بدەن. نایانهەوێ کەسێک یان لایەنێک خۆی لە ناوەند و لە حیزبەکانی دیکە و سەرەنجام لە نەتەوەکەی و خواستەکانی هەڵبڕێ و لەگەڵ ئەملایەن و ئەولایەن سات و سەودا بە خوێن و قوربانیدانی ئەوانەوە بکا. بە تایبەت ڕێککەوتن لەسەر نێوەرۆکێکی لاواز لەگەڵ هێزێک کە هیچ باوەڕی بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد نییە و لەم بارەوە مێژوویەکی ڕەشی لەخۆی تۆمار کردووە.
"کورد تا دەوڵەتی نەبێ بەشی هەر کوشتن ئەبێ" دروشمێک نەبوو کە بەشدارانی ناشتنی ژینا تەنیا لە ڕۆژی ٢٦ی خەرماناندا بە زەینیاندا هاتبێ و پێشتر بیریان لێ نەکردبێتەوە. ئەمە کەمترین خواستێکە کە گەل هەیەتی. ئەوە کە کوردی ڕۆژهەڵاتیش خاوەن دەوڵەت و ئیدارەی خۆی بێ و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆیەوە بێ.
پرسێکی دیکە کە گرینگیی زۆری هەیە، پێشگرتن لە کۆبوونەوەی دووبارەی دەسەڵات لە ناوەند و دوورکەوتنەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە ژیاندنەوە و بەهێزکردنی ئەو ڕەوت و لایەنانەیە کە گەرەکیانە درێژە بە سووڕانەوەی دەوری بەتاڵی شا بە شێخ و شێخ بە شا بدەن. ئەوە بە تایبەت ڕووی لە سەڵتەنەت تەڵەبەکانە کە ڕەوتی هەرە سەرەکیی ناوەندگەرایی و سەمبولی شۆڤێنیزمی ئێرانین و کارنامەیەکی ڕەشیان لە سەرکوتی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێراندا هەیە. هەر جۆرە نیزیکبوونەوە و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو ڕەوتە، مەشرووعییەتدان بە گەڕانەوەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە کە لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دەرکرا و لە ڕاستیدا ژیاندنەوەی دیکتاتۆرێکی مردوویە بۆ جێگای دیکتاتۆرێک کە لەسەرەمەرگدایە. هەمان هەڵە کە شێرکۆ بێکەسی نەمر دوو دەیە لەوەپێش بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستانی گوت؛
من خۆم بووم خۆم
سێدارە هەڵوەشاوەکەم
سەر لە نوێ دروست کردەوە و
بە شانی خۆم هێنامەوە
بەر دەم بەغدا
من، خۆم بووم خۆم
ماری سڕبووی ئەم عێراقەم
سەر لە نوێ گەرم کردەوە
تا پێوەم با