عەلی بداغی
پڕۆژەی دەرمانداوکردنی قوتابییانی کچ لە خوێندنگەکانی ئێران وەک تاوان و جینایەتی دژی مرۆڤایەتی قۆناغی حاشاکردنی تێپەڕاندووە و ئێستا دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە تەنیشت ڕاکردن لە بەرپرسایەتیی جینایەتەکانیان دەستی چەوری خۆیان بە کێ دەسڕن و بڕیارە کێ ببێتە قوربانیی سیناریۆی نویی ڕێژیم بۆ کپکردنی شۆڕش و لەباربردنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵک.
دوای ئەوەی لە ماوەی پتر لە سێ مانگدا زیاتر لە ٥ هەزار قوتابیی زیاتر لە ٢٣٠ قوتابخانەی ٢٥ پاریزگای وڵاتدا ژەهرخواردوو کران، و پاش ئەوەی بەردەوامیی هێرشەکان و سیاسەتی دیزەبەدەرخۆنەکردنی ئەو بابەتە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە قەیرانێکی ئەمنییەتیی دیکەی بۆ خەڵک دروست کرد و، لەسۆنگەی ئەوە کە بیروڕای گشتی بە زۆر هۆ بەرپرسایەتیی ئەو جینایەتانەیان خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی؛ دواجار خامنەییش وەدەنگ هات. ڕێبەری ڕێژیم ڕۆژی ١٥ی ڕەشەممە وێڕای داننان بەوە کە بابەتی ژارخواردووکردنەکان لە ئێستادا بابەتێکی ڕۆژەڤی هەستیاری کۆمەڵگەیە، ئەو کارەی بە "جینایەت"ێکی گەورە ناو برد و گوتی کە نابێ لە "بکەران"ی خۆش ببن. بەڵام حەوتوویەکیش دوای دژکردەوەی خامنەیی هێشتا ناوەندە ئەمنییەتی و پۆلیس و دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ڕوونیان نەکردۆتەوە کە کێ لە پشتی جینایەتی گۆرینە و بکەران و بڕیادەرانیشی کێن؟
لە تازەترین کاردانەوەکاندا ٣٢٦ کەس لە مامۆستایانی زانکۆکانی وڵات هێرشە شیمیاییەکانیان بە کارەسات شوبهاندووە و لە پەیامێکدا ڕوو بە کاربەدەستانی حکوومەت و بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان گوتوویانە جێی شەرمە بۆ حکوومەتێک کە ئیدیعاکانی لەمەڕ پاراستنی ئەمنییەتی خەڵک لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی وڵات گوێی دنیای کەڕ کردووە، ئاوا لەهەمبەر ئەو قەیرانەدا دەستەوەستان ماوەتەوە؛ هاوکات پووشبەسەرکردنی ئەو جینایەتانەش هیچ مانایەکی دیکە جگە لە هاودەستی و هاوڕایی لەگەڵ ئەو جینایەتانە بەدەستەوە نادات.
هەروەها کۆمەڵێک لە پزیشک و پیراپزشیک و چالاکانی بەشی دەرمانیی وڵاتیش لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی نیزام پزیشکی لەگەڵ دانە بەر ڕەخنەی پرسی ئەمنییەتی گیانیی منداڵان بەتایبەت قوتابییانی کچ، ئەو پرسیارە بەرجەستە دەکا بۆ مەگەر ئەوە ئەرک و بەرپرسایەتیی نیزام پزیشکی، بێهداشت و دەرمان و پزیشکی دادی وڵات نییە هەتا هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو هێرشانە بدۆزنەوە؟ لە بەشێکی دیکە ئەو نامەیەدا ئەو پرسیارەش کراوە کە ئاخۆ ناوەندە بەرپرسیارە پزیشکی و دەرمانییەکانی وڵات پێیان وانییە ئەو هێرشە ژەهراوییانە بۆ سەر خوێندنگەکان، سبەی و لە دواڕۆژی نیزیک بە شێوازی نوێتر و ئاڵۆزتر بکرێتە سەر بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەش؟
ئاکامگیریی چاودێرانی سیاسیش ئەوەیە ئەگەر سەرەتا وا وێدەچوو ئەو هێرشانە لەلایەن گرووپە توندئاژۆیە ئایینییەکانەوە کە دژی خوێندن و چالاکیی کچان و ژنان لە کۆمەڵگەدان ڕێک خراون، بەڵام دوای بێدەنگی و دەست لەسەر دەستدانانی مەجلیس و دەوڵەت و دەزگای قەزایی ئیدی ڕوون و ئاشکرایە کە ئاستێکی بەرفراوانتری دەسەڵات بە بڕیاری کەسانی هەرە سەرووی ڕێژیم و بە پشتیوانیی زۆربەی ئۆڕگانە حکوومەتییەکان لە پشتی ئەو ڕووداوگەلەن. ئەگینا چۆن دەکرێ کەسانێک بێ هیچ ڕێگرییەک دەستیان بە کەرەستە خاوەکانی ئەو جۆرە ژارانە کە دوورە لە دەستی کەس و لایەنە ئاساییەکان ڕابگا و لە زیاتر لە ٢٠ پارێزگادا بتوانن هێرش بکەنە سەر قوتابخانەکان و منداڵان ژارخواردوو بکەن و پاش سێ مانگیش هێشتا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی کارێکی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و دەسبەسەرکردنی بکەرانی ئەو جینایەتانە نەکردبێ؟ یان چۆنە لەسۆنگەی دروشمدان و لەچکفڕێدانی چەند کچە قوتابییەک ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم مەغولئاسا دەڕژێنە نێو خوێندنگەکان، بەڵام لە کاتی ئاوادا هەموو قڕوقەپ لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەن؟
لەو بارودۆخەدا بابەتێکی دی مێدیاکانی ئێران لەسەری دەڕۆن، دانانی کۆمیتەیەکی بەدواداچوونی ڕاستییەکانە. بەڵام کاتێک لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دەبینین کە ناوەندە ڕەسمییەکان قەت لەگەڵ خەڵک ڕاست نەبوون و درۆ و چەواشەکاریی سیستماتیک تانوپۆی تەواویەتیی ڕێژیمی تەنیوە و کۆمەڵگەی مەدەنییش بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکانی لەو چەشنە کەمترین دەرەتانی بزواوتنیان نییە؛ هەمووان دەزانن نە نهێنیی ڕاستەقینەی لەو جۆرە ئاشکرا دەبن و نە خەڵک متمانە بە ڕاپۆرتی هەر کۆمیسیۆن و ناوەندێکی بەدواداچوون دەکەن کە لەلایەن حکوومەتەوە دەستنیشان کرابێت. مەگەر ئەوەی گرووپێک لە کارناسان و پزیشکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، نوێنەرانی ئەنجوومەنی دایکان و باوکان بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک خاچی سوور و یونیسێڤ بیانەوێ کاری لەسەر بکەن کە بەپێی ناسینێک کە هەمووان لە کۆماری ئیسلامیمان هەیە؛ وەها قەرارێک شتێکی مەحاڵە.
هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەش کە ئامانجی یەکەم و قوربانییانی سەرەکیی ئەو هێرشانە یەک لە کۆڵەکەکانی شۆڕشی سەرانسەری ئێستای ئێرانن، کەمتەرخەمی، بیانووهێنانەوە و قسە دژبەیەکەکانی کاربەدەستان هەر زۆر زوو بیروڕای گشتیی ئێرانی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە ڕێژیم خۆی هۆکاری ئەو دۆخە و بکەری ئەو جینایەتانەیە کە لە ئێستای ئێراندا ڕوو دەدەن. ئەوەش واتای پەڵەیەکی دی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی بە تەوێڵی کۆماری ئیسلامییەوەیە. ئەوەش دەخوازێ کە کۆمەڵگەی جیهانی بەپێی "کۆنڤانسیۆنی پێشگرتن بە کوشتار" لەهەمبەر پاراستنی گیانی ئەو خەڵکەی لەلایەن حکوومەتێکەوە مەترسیی گیانییان لەسەرە؛ هەنگاوی بەکردەوە هەڵێنن. چونکی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەروەریی دەوڵەتەکان تەنیا بۆ بەگژداچوونەوەی هێرشە دەرەکییەکان نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بەرپرسایەتیی پاراستنی ئەمنییەت و ژیانی خەڵکەکەی خۆیانە. بۆیە هەر دەوڵەتێکی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک نەیهەوێ یان نەتوانێ لەپێناو پاراستنی ژیان و ئەمنییەتی خەڵکەکەی خۆیدا تێبکۆشێ یان تەنانەت بۆخۆی دەرحەق بە خەڵکی وڵاتەکەی جینایەت دەکات، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە تەواوەتیی خۆیدا ئەرکی سەرشانیەتی کە خەڵکی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی هەموو بەڵگەکان دەتوانین بڵێین ئەوەی کۆماری ئیسلامیی لەو پیلانەدا دەرحەق بە بەشێک لە خەڵکی وڵاتی دەکات جینایەت دژی مرۆڤایەتییە، کە بەپێی مادەی حەوتی ئەساسنامەی ڕۆم بریتییە لە هەر هێرشێک کە لە ئاستێکی بەربڵاو و سیستماتیکدا سێرەی لە کەسانی مەدەنییان گرتبێ و بکەرانی کوشتارەکە بزانن کە خەڵکی سڤیلیان بەئامانج گرتووە. ڕێک وەک ئەو هێرشانەی لەو ماوەیەدا لە تەنیشت کوێرکردنی خەڵکی ناڕازی و کوشتنی کەوکوژیی خۆپێشاندەران و لە ئێستادا دەرمانداوکردنی کچان لەلایەن ڕێژیمەوە دەکرێتە سەر خەڵکی وڵات.