لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی زاهیدان، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی شارەکە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵک بە دروشمی ڕێژیمی منداڵکۆژ، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.
ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئازادیخواز و بوێری زاهیدان بۆ ٢٣هەمین هەینی، پاش تەواووبوونی نوێژی هەینی بە دروشمی دژی دەسەڵات، وەکوو "ئێمە ئازادیمان دەوێت"، ڕژانەوە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.
خەڵکی ناڕازیی زاهیدان بە دروشمگەلێکی وەکوو "ئێمە ڕێژیمی منداڵکوژمان ناوێت" و "سوێند بە خوێنی شەهیدان، تا کۆتایی ڕێژیمی ئێران بەردەوامین لە ڕاپەڕین"، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لە کاتی دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵات تاکوو ئێستا بە دەیان منداڵ بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە کە ١٨ کەسیان خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن.
کوژرانی ئەو منداڵانە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و هاوکات هێرشی کیمیایی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەی منداڵان، دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی منداڵکوژ، بووەتە دروشمێکی گشتی دژی ئەو ڕێژیمە.