کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوەکان، ئێران تووشی کێشە دەبێت

10:16 - 20 رەشەمه 2722

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان ڕایگەیاند: دەبێ دەسەڵات مافی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران لەبەرچاو بگرێت و ئەگەر ئەو کارە نەکات، ئێران تووشی کێشەی گەورەتر دەبێت.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی لە خوتبەکانیدا بە ئاماژەدان بە ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم وتی: تا ئەو کاتەی کە مافی کەمینە ئایینییەکان، مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هەروەها مافی ژنان لەبەرچاو نەگیردرێت و ئازادیی تاکەکەسی و ڕادەربڕین لە وڵات سەقامگیر نەبێت، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئێران تووشی کێشە دەبێتەوە.

ناوبراو هەروەها وتیشی: دەبێ بەرپرسانی ناکارامە لەسەر دەسەڵات لا ببردرێن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران، لاوازیی بەرپرسانی دەسەڵاتە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

مەولەوی عەبدولحەمید بە ئاماژەدا بە مافی بەرابەر لەنێوان ژنان و پیاواندا وتی: دەبێ دەسەڵاتدارانی ئێران لە سیاسەتەکانی وڵاتانی ئورووپایی بۆ پاراستنی مافی ژنان کەڵک وەربگرن.

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان ئاوڕێکی لە سەروەت و سامانی ئێران دایەوە و وتی: چۆن دەبێ وڵاتێکی دەوڵەمەند وەکوو ئێران، خەڵکی وڵاتەکەی لەوپەڕی هەژاریدا بژیت.