کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: ڕێژیمی ئێران لە خۆپیشاندانەکاندا بە ئەگەری زۆرەوە تووشی جینایەت دژی مرۆڤایەتی بووە

11:33 - 20 رەشەمه 2722

جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، ڕاپۆرتێکی نوێی لەبارەی کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی، ڕادەستی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

جاوید ڕەحمان لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئێعدام، دادگای نمایشی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی بۆ سەر خۆپیشاندەران لە ئێران نووسیویەتی کە بە سەرنجدان بەو پێشێلکاری و تاوانە، بە ئەگەری زۆرەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی جینایەتی نێونەتەوەیی، بە تایبەت جینایەتی دژی مرۆڤایەتی بووە.

ناوبراو وتوویەتی، لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە دوای کوژرانی ژینا، لانیکەم ٤٧٦ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون کە ٦٤ کەسیان مێرمنداڵ و ٣٤ کەسیش ژن بوون.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە دەسبەسەرکردنی ١٨ هەزار کەس، لەوانە چالاکانی مافی مرۆڤ، خوێندکاران، پارێزەران، ڕۆژنامەوانان، چالاکانی مەدەنی، هونەرمەندان و وەرزشوانان لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان کراوە.

ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران وتوویەتی، سیاسەتی ئاشکرای ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانە، پێشێلکردنی مافی ژیان، ئازادی و ئەمنییەتی تاکەکەسی، هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و سووکایەتیئامێز بووە.

ناوبراو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی خۆیدا داوای یەکگرتوویی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ وڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی لە بابەت پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕێگەی ڕێکارێکی یاسایی کردووە.