شەوی ڕابردوو ١٩ی ڕەشەمە، تێکۆشەرانی دێموکرات لە چالاکییەکی بەرینی تەبلیغاتیدا، سەدان ئاڵای کوردستانیان لە شاری سەقز بڵاو کردەوە و ئەو شارەیان بە ئاڵای کوردستان ڕازاندەوە.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە کاتی ئەنجامدانی ئەو چالاکییە تەبلیغاتییەدا ئاگادار کران کە خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور قاسملوو کۆچی دوایی کردووە، بۆیە وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە حیزب و هەموو کوردستان، ئەو چالاکییەیان پێشکەش بە ڕۆحی نەمری نەسرین قاسملوو کرد.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا زۆربەی هەرەزۆری شەقام و کۆڵانەکانی سەقز بە ئاڵای کوردستان ڕازێندرایەوە.
بەشێک لەو شوێنانە بریتی بوون لە: ''نێوبازاڕ، پارکی شار، پارکی کەوسەر، پارکی گوڵان، گەڕەک و شەقامەکانی شافێعی، ڕوودەکی، حافز، قوتابخانە و مزگەوتەکانی سەقز.''