یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی نەسرین قاسملوو، هاوژینی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
بەداخەوە ئاگادارکراینەوە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوژینە وەفادارەکەی ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری پاریس کۆچی دوایی کرد.
بەم بۆنەوە یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ماڵباتی خودالێخۆشبوو و هەموو گەلی کورد دەکات و لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە ڕۆحی بە بەهەشتی بەرین شاد بێت.
هێلێن ئورووپاییەک لە وڵاتی کوردان، ناسراو بە خوشکە نەسرین هاوژینی شەهیدی ڕێبەر دوکتور قاسملوو، ساڵانێکی زۆری تەمەنی شان بە شانی ڕێبەرمان لە کوردستانی گوزەراند و لە گشت خۆشی و ناخۆشییەکانی سەر ڕێگای خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بەشدار بوو، بەڵام بۆ جارێکیش ڕەخنە و گازەندەی نەخستە ڕوو، کۆڵی نەدا و پاشگەز نەبووەوە، بەردەوام شاخ و کێوەکانی کوردستانی پێوا بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانی ڕێبەری شەهیدمان، خوشکە نەسرین لە کتێبەکەیدا بە ناوی ''ئورووپاییەک لە وڵاتی کوردان'' ئاماژە بە گشت ئەو ژیان و بەسەرهاتانەی خۆی دەکات کە لە کوردستان لەگەڵی بەرەوڕوو بووە.
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی