بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی خاتوو هێلێن قاسملوو، ناسراو بە نەسرین قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دەربڕی و ڕایگەیاند: خاتوو هێلێن پشتیوانێکی هەمیشەیی و دۆستێکی دڵسۆزی خەباتی گەلی کورد و مافە ڕەواکانی بوو.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەم شێوەیەیە:
ماتەمینی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ کۆچی دوایی خاتوو هێلێن قاسملوو ناسراو بە نەسرین قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دەردەبڕین.
دوکتور قاسملوو ناوێکی دیار و سەرکردەیەکی لەبیرنەکراوی مێژووی خەباتی کوردایەتییە. لە ڕووداوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و بە بیروباوەڕە شۆڕشگێڕی و دڵسۆزانەکەیەوە مێژوویەکی پڕ لە شانازی و سەروەریی بۆ خۆی تۆمار کردووە.
خاتوو هێلێنی هاوژینیشی پشتیوانێکی هەمیشەیی و دۆستێکی دڵسۆزی خەباتی گەلی کورد و مافە ڕەواکانی بوو.
ڕۆحی خاتوو هێلێن قاسملوو شاد بێت و یاد و یادەوەریی دوکتور قاسملوو بۆ هەمیشە بەرز بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان