کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەردوو حیزبی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا خوازیاری سزادانی ٢٢٧ ئەندامی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانن

10:28 - 11 رەشەمه 2722

کۆمەڵێک لە ئەندامانی هەردوو حیزبی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە وەزارەتخانە و خەزێنەداریی ئەمریکا کرد کە گەمارۆ بخاتە سەر ٢٢٧ ئەندامی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، ژمارەیەک لە ئەندامانی دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، نامەیەکیان پێشکەش بە وەزارەتخانە و خەزێنەداریی ئەو وڵاتە کرد و داوایان کرد کە گەمارۆ بخرێتە سەر ٢٢٧ ئەندامی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی ئەوەیکە لە چوارچێوەی یاسای ڕێژیم لە کوشتن، ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردنی خۆپێشاندەران ڕۆڵیان هەبووە.

لەو نامەیەدا لەسەر ئەوە جەخت کراوەتەوە کە گەمارۆی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دەبێ بنەماڵەکانیشیان بگرێتەوە کە نیازی ئەوەیان هەبێت لە ئەمریکا کار بکەن یان دەرس بخوێنن. هەروەها ئەگەر بیانهەوێت مڵک و ماڵ لەو وڵاتە بکڕن نابێ ڕێگەیان پێ بدرێت.

ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا هەروەها داوایان لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان کردووە کە پێویستە ئەمریکا بۆ هاندانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دانانی گەمارۆی قورستر بەسەر ڕێژیمی ئێران، هەنگاوی زیاتر هەڵبگرێت.