یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەری شەهید د، عەبدولڕەحمان قاسملوو، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە.
لە سەرەتای ئەم پەیامەدا هاتووە: بەداخەوە خاتوو هێلێن کڕۆلیش ناسراو بە نەسرین قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبەری گەورە و بەناوبانگی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری پاریس کۆچی دوایی کرد.
لە نێوئاخنی ئەم پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ژیانی خاتوو نەسرین قاسملوو، هاتووە: "خاتوو نەسرین لە کتێبەکەیدا بە ناوی ئورووپاییەک لە وڵاتی کوردان، ئاماژە بە گشت ئەو ژیان و بەسەرهاتانەی خۆی دەکات کە لە کوردستان هاوڕێ لەگەڵ دوکتور قاسملوو بەرەوڕووی بووە."
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: کۆچی دوایی نەسرین قاسملوو لە ناخی دڵەوە هەموو لایەکمانی هەژاند و خەمباری کردین، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئاراستەی سەرجەم تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و بنەماڵەی شەهید دوکتور قاسملوو و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین.