کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی کیمیایی کرایە سەر چەند قوتابخانەی ٧ شاری ئێران و کوردستان

11:08 - 21 رەشەمه 2722

لە درێژەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمە، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابییانی ١٠ قوتابخانە لە ٧ شاری ئێران و کوردستان و دوای دەرکەوتنی ئاسەواری ژهراویبوون، ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

لە پارێزگای ئەلئەحواز لانیکەم قوتابییانی ٥ قوتابخانە لە ٣ شاری ئابادان، باغمەلەک و ئەهواز، بەهۆی هێرشی کیمیاییەوە ڕەوانە نەخۆشخانە کران و لەلایەن ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارانەوە ئەو هێرشە پشتڕاست کراوەتە.

هاوکات قوتابییانی گوندێکی شاری دێهدەشت سەر بە شاری یاسووج بەهۆی بۆنێکی ناخۆش ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراون. هەروەها ژمارەیەک لە قوتابییانی لە شاری سیاهکەل سەر بە پارێزگای گیلان و ژمارەیەکیش لە قوتابییانی کچ لە شاری دەشتستان سەر بە پارێزگای بوشێهر تووشی ژەهراوی بوون.

لەلایەکی دیکەوە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان باسی لەوە کردووە کە ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمە، قوتابییانی کچی دوو قوتابخانەی ''بێعسەت و پویش '' لە شاری سنە هێرشی کیمیاییان کراوەتە سەر و ژەهراوی کراون.