کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوژینی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی پرسنامەکە بەم شێوەیەیە:
بەداخەوە خاتوو هێڵێن ناسراو بە "نەسرین قاسملوو"، هاوژینی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرانسە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خاتوو هێلێن قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور قاسملوو کە لەنێو پێشمەرگەکان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بە "خوشکە نەسرین" ناسرابوو، لە تەمەنی ٨٩ ساڵی و لە شاری پاریسی وڵاتی فەرانسە کۆچی دوایی کرد.
بەهۆیەوە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بۆ کۆچی دوایی خاتوو هێڵێن (نەسرین قاسملوو) ، پرسە و سەرخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی ناوبراو دەکەن، هیواخوازیشن خودای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.
هەروەها پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکار و هاوڕێیانی دەکەین، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات، هاوکات ئارامی و دڵنەوایی بۆ هەموو لایەک دەخوازین.
جێی باسە خاتوو هێلین كرۆلیچ (نەسرین قاسملوو) بە ڕەگەز هاووڵاتیی چێكییه و لە ساڵی ۱۹۳۳ی زایینی لە پراگ لەدایک بووە، لە ساڵی ۱۹٦۳ لە پراگ خوێندنی فەلسەفە و زمانی تەواو كردووە و بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە، زمانەكانی چێكی، ئینگلیزی، كوردی و فارسیی زانیوە. لە زانکۆی پراگ لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو ئاشنا بووە و دوایی هاوسەرگیرییان کردووە. هەروەها خاتوو نەسرین لە ئورووپا، ئێران و عێراق ژیاوە و هەمیشە لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانی گەلی کوردستاندا بووە.