کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی حیزبی تەزامونی دێموکراتیکی ئەهواز لە هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

11:12 - 11 رەشەمه 2722

حیزبی تەزامونی دێموکراتیکی ئەهواز لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر بنەما گرینگەکانی وەک کۆماری دێموکراتیک، فێدرالیزم و سێکۆلاریزم، پشتیوانیی لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەو شۆڕشەی کە ئێستا لە ئارادایە، بەستێنی خەباتێکی نوێی لە مێژووی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران پێک هێناوە. ئەو بەستێنە لە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکاندا وێنا دەکرێت. بۆ نموونە چەمکە چەندپاتەکراوەکانی وەکوو "تەجزیەتەلەبی و تەواوییەتی ئەرزی" کە تەنیا لە پێوەندیی نێوان وڵاتان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بەتاڵ و بێ‌بایەخ کرد.

حیزبی تەزامونی دێموکراتیکی ئەهواز لەو ڕاگەیەندراوەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە لە دوو چەمکی "تەجزیەتەلەبی و تەواوییەتی ئەرزی" لە مێژووی دامەزرانی دەوڵەت- نەتەوەی ئێران تەنیا بۆ سەرکوتی کۆمەڵگەی فەرەچەشنی ئێران کەڵکی لێ وەرگیراوە و بێ‌بایەخکردنی ئەو دەستەواژانە لە نێوخۆوە مەیدانی لە دژی کۆماری ئیسلامی تەنگ کردووە، بەڵام هێشتا هیندێک لایەنی پاوانخواز پەرە بەو دەستەواژانە دەدەن.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە ئاکامگەیاندنی شۆڕشی ژینا، هاودڵی و هاوئاهەنگیی هەمەلایەنەی بۆ ڕوانینێکی نوێ لە گرێبەستێکی نوێ بۆ ئێرانی داهاتوو دەخوازێت.