کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

10:42 - 22 رەشەمه 2722

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات، ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی ئێران ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی "ئەهواز، کرماشان، شووش، شووشتەر و کرمان" لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارانە بەڕیوە چوو. هەروەها کرێکاران لە بەردەم بینای شۆرای نیگابانی شاری تاران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵای ئێران لە بەردەم سەندووقی خانەنشینیی تاران، ماڵدزراوانی کۆمپانیای ئازیکۆ لە بەردەم بینای دادگوستەریی گشتیی تاران، کادری دەرمانیی شاری قەزوین لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە و گرووپێک لە خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵای ئیسفەهان لە بەردەم پارێزگاریی ئەو شارە، بەڕێوە چوو.

هەروەها کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەیشەکەری حەوت تەپە بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام مانیان گرت.