کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان خوازیاری بە تێرۆریستی‌ناساندنی سپای پاسدارانە

10:52 - 22 رەشەمه 2722

یەکێک لە بەرپرسە پلەبەرزەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان داوای کردووە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێندرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لارس کلینگ‌بایل، یەکێک لە بەرپرسانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، لە وتووێژێک لەگەڵ گرووپێکی میدیایی، ڕایگەیاند: لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندەران لە ئێران لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بابەتی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران هاتە ئاراوە و ئێمەش وەکوو حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان داوا دەکەین کە سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە سپای پاسداران لە سەرکوتی خوێناویی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران ڕۆڵێکی تێرۆریستیی هەبووە و سەرکردایەتیی حیزبی سۆسیالیست کە بەهێزترین حیزبی هاوپەیمانی دەوڵەتی ئاڵمانە، یەکدەنگ داوایان کردووە کە سپای پاسداران دەبێ وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت.