کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان لەسەر پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران

12:05 - 11 رەشەمه 2722

کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبابەت کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی ئەو دامەزاراوەیە لەبارەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان لە ئێران لێکۆڵینەوە دەکات، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمە لە بەیاننامەیەکدا لە هەموو کەس و لایەنەکان داوای وەرگرتنی بەڵگە و زانیاریی لەو بارەوە کردووە.

هەیئەتی دەرخستنی ڕاستییەکان لەو بەیاننامەیەدا داوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لەبابەت ژنان، منداڵان و کەمایەتییەکانی کردووە.

هەیئەتی دەرخستنی ڕاستییەکان وتوویەتی، لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیارییەکانە لەبابەت تاوانەکانی وەکوو ''سەرکوتی توندوتیژانەی خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، وەکوو زیندانیکردن و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دەستدرێژیی سێکسی، ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و هەروەها مەرگی سەدان خۆپیشاندەر و دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس."

هەروەها ئەو کۆمیتەیە ڕێگاکانی ناردنی ئەو زانیارییانەی ڕاگەیاندووە و داوای کردووە، ئەو کەسانەی کە ئەو زانیارییانەیان لەبەردەستدایە هەتا ٣١ی مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠٢٣ی زاینی، بەڵگەکانی خۆیان بە زمانی فارسی یان ئینگلیزی بۆ نووسینگەی ئەو کۆمیتەیە بنێرن.

شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ٣٥ـەمین دانیشتنی خۆی، بە زۆرینەی دەنگەوە کۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەکانی لەبابەت ڕاپۆرتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، پێک هێنا.