کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانەوە

19:42 - 22 رەشەمه 2722

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانیەوە، سێمینارێکی پێک هێنا.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانیدا، سێمینارێکی پێک هێنا. لەو سێمینارەدا شنە دروودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنان، خەڵاتی "مینا خانمـ"ـی پێشکەش بە ژنانی شۆڕشگێڕی شۆڕشی ژینا کرد.

سێمینارەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر ڕووناک فەتحی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی لەسەر شۆڕشی ژینا پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

ناوبراو وێڕای بەرزنرخاندنی یادی هەر سێ سکرتێری پێشووی یەکیەتیی ژنان، خاتوو مینا قازی، شەهیدان سۆهەیلا قادری و نەسرین حەداد، وتی: "یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر بنەمای دامەزراندنی کۆماری کوردستان کار و چالاکییەکانی خۆی بەرەوپێش دەبات."

ڕووناک فەتحی لە درێژەدا زیادی کرد کە شۆڕشی ژینا توانی بە بەشداریی ژنانی بوێری ئێران و کوردستان سنوورەکانی ئێران تێپەڕێنێت و ویست و مافەکانی ژنان لە ئێرانی گەیاندە وڵاتانی ئورووپایی و جیهان.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە لایەنگەلێک بە پیلان ویستیان شۆڕشی ژینا بەلاڕێدا ببەن، بەڵام ژنانی چالاک و بوێری گەلانی ئێران لە ناوخۆ ڕێگەیان نەدا ئەو شۆڕشە بەلاڕێدا ببرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی سێمینارەکەدا، موژگان عەلیپوور، جێگری سکرتێری یەکیەتیی ژنان، پەیامی ئەو ڕێکخراوەیەی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و ڕایگەیاند کە لە کاتی دامەزرانی ڕێکخراوەکەوە سەرەڕای کێشە و کۆسپەکان، ژنان لە خەبات و چالاکییەکانیان بەردەوام بوون.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا، شنە دروودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنان وێڕای پێشکەشکردنی چەند وتەیەک، خەڵاتی ساڵانەی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان بە ناوی "خەڵاتی مینا خانمـ"ـی پێشکەش بە ژنانی شۆڕشگێڕ، بوێر و لەخۆبردووی شۆڕشی ژینا کرد.