خەڵکی بوێر و چاونەترسی شارەکانی، سنە، کامێران و مەهاباد، بە ئاگر کردنەوە و دروشمی دژی ڕێژیم، دووبارە ڕژانەوە سەر شەقامەکان.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، شەوی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی سنە، کامێران و مەهاباد، ڕژانەوە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە تایبەتی لە کوردستان دژی ڕێژیم، خەڵکی ئازادیخواز و بوێری کوردستان، بە مەبەستی خاوەنداریەتی لەو شۆڕشە و هەروەها درێژەدانی ڕێگەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بەبێ ڕاوەستان بوونەتە چەقڵی چاوی دەسەڵات و نەیارانی کورد و کوردستان.
خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی سنە، کامێران و مەهاباد، بە کردنەوەی ئاگر لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شار و هەروەها دروشمگەلی "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و کوردستان گۆڕستانی فاشیستان"، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.