کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکاران و خانەنشینکراوان لە چەند پارێزگای ئێران و کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی

10:22 - 23 رەشەمه 2722

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابرات لە ٩ پارێزگای ئێران و کوردستان لە بەردەم ئیدارەی موخابراتی شارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکانی تاران، ئەلبۆرز، یەزد، لوڕستان، ئەلئەحواز، کۆهگیلوویە و بویرئەحمەد، کرماشان و ئەردەبیل، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە جێبەجێنەکردنی خواست و ویستەکانیان لە بەردەم ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکان کۆ بوونەوە.

خانەنشینکراوان بە دروشمی "ئەگەر دزی کەم بکرێتەوە، کێشەکانی ئێمە چارەسەر دەبێت"، هەروەها دروشمی "ڕێبەرێکی ناکارامە و قەیرانێکی زۆر"، ڕژانە سەر شەقامەکان.

لەلایەکی دیکەوە کرێکاران و فەرمانبەرانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سیمان لە ئیلام ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە بەردەم کۆمپانیاکە کۆ بوونەوە.

کرێکارانی کۆمپانیای سیمانی ئیلام ڕایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی خواست و ویستەکانیان لەلایەن بەرپرسانەوە جێبەجێ نەکرێت، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبن.