کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکردنەوەی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و کوردستان بە دژی دەسەڵات

10:27 - 23 رەشەمه 2722

سەرەڕای کەشی ئەمنییەتی لە شارەکانی ئێران، گەلانی ئازادیخوازی ئێران لە وڵامی بانگەوازی درێژەدانی ڕاپەڕین لە شەوانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆگەلەی کە بڵاو کراونەتەوە، شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمە ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی گەڕەکی ستارخان لە شاری تاران بە دروشمی "ئەمساڵ کۆتایی دەسەڵاتی خامنەییە"، ڕژانە سەر شەقامەکان.

لەلایەکی دیکەوە لە گەڕەکی ئێکباتان لە تاران، خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمگەلی "هەژاریی، گەندەڵی، گرانی، دەڕۆین بەرەو ڕووخانی ڕێژیم" و "ئێمە ئامادەین و ڕاپەڕین درێژەی هەیە"، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

هەروەها لە مەشهەد، خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمگەلی "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و ڕاپەڕین درێژەی هەیە"، ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بوونەوە.

لە شارەکانی قەزوێن، گەوهەردەشت و کەرەج، خەڵکی ئازادیخواز و بوێر ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و هەروەها دروشمی "ژن ژیان ئازادیـ"ـیان وتەوە.

هەروەها شەوی ڕابردوو خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی شاری یەزد هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی بەسیج لەو شارە و ئاگریان تێ بەردا.

لە کوردستانیش و لە شارەکانی سنە، کامێران و مەهاباد، خەڵکی ئازادیخواز بە کردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقامە سەرەکییەکان و وتنەوەی دروشمگەلی "ژن ژیان ئازادی، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی"، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.