کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: بەیاننامەکەی وەزارەتی ئیتلاعات نیشانەی دەستەوەستانی و پیلانگێڕییەکی دی لەدژی جووڵانەوەی کوردە

19:47 - 23 رەشەمه 2722

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!

کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری کوردستان!

"ئیڕنا"، هەواڵدەریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی دووشەممە لەسەر سێ‌شەممە، 22لەسەر 23ی ڕەشەممە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی بڵاو کردەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا و لە شەش خاڵدا ئیدیعای ئاشکراکردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی چەندین تیم لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵێک کەلوپەلی نیزامی و موادی تەقینەوە و چەک‌وچۆل و نارنجۆکی دەستی کراوە. هەروەها ئیدیعا کراوە کە حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران تیمێکی بۆ کاری تێکدەری! لە ئێوارەی چوارشەممەسووریدا ناردووەتەوە نێوخۆی وڵات، کە ئەندامانی ئەو تیمە دەستبەسەر و کەلوپەلەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەوەندەی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە، بۆ کەس شاراوە نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەزگاکانی سەرکوت و تۆقاندنی ڕێژیم بە تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ماوەی 44 ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی درۆ و بوختانیان بۆ خەباتگیرانی کورد هەڵبەستووە و بەتایبەتی پیلانیان دژی حیزبی دێموکرات گێڕاوە. بۆیە ئیدیعای ئەمجارەشیان جگە لە چەواشەکاری و پیلانگیڕیی زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ڕوو بە بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران و کوردستان، دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت ئەوەی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا لە پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات هاتووە بەتەواوی ناڕاستە و حیزبی دێموکرات لە هیچ شوێنێکەوە کەس و تیمی ئەویش بۆ ئەو مەبەستە نەناردۆتەوە. بەڵام ڕێژیمی کوماری ئیسلامی و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی کە لە شۆڕشی ژینا لەبەرانبەر ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا تووشی بێهوایی و دەستەوەستان بووە، لە بەرەبەری چوارشەممەسووری و بۆنەکانی نەورۆزیدا خەریکی شەڕفرۆشی و پیلانگێڕییە، و ئەو درۆ و چەواشەکارییانەیشی هەر بۆ مەبەستەیە.

دواجار داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کیژان و کوڕانی خوێنگەرم دەکەین بە وریایی و وشیاری و یەکگرتووییەوە بەگژ پیلانەکانی ڕێژیمدا بچنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

٢٣ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی هەتاوی