کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات لە کۆتا چوارشەممەی ساڵدا

10:16 - 24 رەشەمه 2722

گەلانی ئازادیخوازی ئێران، بە تایبەتی خەڵکی کوردستان لە شەوی چوارشەممەسووریدا جارێکی دیکە بە گوڕوتینەوە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆتا چوارشەممەی ساڵدا، گەلانی ئێران بە تایبەتی خەڵکی شارەکانی کوردستان، بە ئاگر کردنەوە و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و بڕووخێت کۆماری ئیسلامی، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.

سەرەڕای میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان، جارێکی دیکە لە درێژەی ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆر، شەوی ڕابردوو ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە ئاگر کردنەوە و دروشمی دژی دەسەڵات، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، دووبارە پەنایان بردەوە بەر توندوتیژیی ڕاستەخۆ و لە شارەکانی سنە و سەقز تەقەیان لە خەڵک کرد و لە ئاکامدا زیاتر لە ١٤ کەس بریندار بوون.

جێگەی ئاماژەیە کە لە شارەکانی دیکەی ئێران خەڵکی ڕاپەڕیو و ئازادیخواز بە کردنەوەی ئاگر و دروشمی ژن ژیان ئازادی، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەروەها بڕووخێت کۆماری ئیسلامی، لە شەوی چوارشەممەسووریدا ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.