کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی نۆروێژ داوای ڕاگرتنی سەرکوت و سزای لەسێدارەدانی سەر بەندکراوانی ڕاپەڕینەکان لە ئێران دەکات

09:58 - 10 رەشەمه 2722

وەزیری دەرەوەی نۆروێژ لە ٥٢ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کۆتاییهێنان بە سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەکات.

ئەنیکن هۆیتفێڵد، وەزیری دەرەوەی نۆروێژ، لە ٥٢ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی بەڕێوە چوو، وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرێت و ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانە و بەربڵاوەکانی گەلانی ئێران سەرکوت نەکات.

ناوبراو بە توندی لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراونی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوەی شەرمەزار کرد و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ لەسێدارەدانی ناڕازییان ڕابگرێت.

وەزیری دەرەوەی نۆروێژ، وتارەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بە مەبەستی خراپ بەکارهێنانی تریبۆنی شۆرای مافی مرۆڤ و بۆ درێژەدان بە پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی ناو برد، هەروەها قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی مەحکووم کرد.