کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چوارشەممەسووری لە کوردستان، خەڵک دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:00 - 24 رەشەمه 2722

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەڕێوەچوو و هاوکات خەڵک دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری، هاووڵاتییانی کوردستان بە وتنەوەی دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، "شەهید نامرێت" و "مردن بۆ دیکتاتۆر"، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی ڕێژیم سەرەڕای بەکارهێنانی توندوتیژی، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد و لە شاری سەقز لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرت.

هەروەها خەڵک لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، بانە، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان، جوانڕۆ، کرند، سەرپێڵی زەهاو، ورمێ و کرماشان و... خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ڕێژیم ئاڵۆزی دروست بوو.

لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی ڕێژیم لە شارەکانی بۆکان، سەقز و سنە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد. لە گەڕەکی کەریم‌ئاوا و شەقامی فەرهەنگییان لە شاری سەقز، لانیکەم ٨ کەس و لە نزیک پارکی "کوودەک" لە شاری سنە، لانیکەم ٦ کەس لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، بریندارکراون.

لەم خۆپیشاندانانەدا هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لە ماتۆڕسوارێکی ناڕازی لە "شەقامی نەورۆز، کۆڵانی فەرهەنگییانی ١" لە شاری سەقز کرد، شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە وێڕای برینداربوونی ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و ڕفێندراوە.

هەروەها لە شەقامی مەنبەع لە مەهاباد، هاووڵاتییەک بە ناوی سامان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.