کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی: کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندایە

11:15 - 24 رەشەمه 2722

ڕۆژنامەی ''جمهوری ئیسلامی'' سەر بە بناژۆخوازەکانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، لە بابەتێکدا بە ڕەخنەگرتنێکی بێ وێنە لە گەندەڵی لەنێو ناوەندەکانی ڕێژیم و قەیرانی ئابووری کە لەلایەن ڕێژیمەوە پێک هاتووە، نووسیوەیەتی کە کۆماری ئیسلامی بەو هۆکارانە بە دەستی خۆی، خۆی بەرەو ڕووخان دەبات.

لەو بابەتەدا، سەرەڕای ئاماژەدان بە بەربڵاویی گەندەڵی و بەرتیلخواردن لە پێکهاتەکانی ئەو ڕێژیمە، نووسراوە کە ئیرادەیەکی ڕەمزاوی ڕۆژانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران بەنیسبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەدبین دەکات.

ئەوە ڕۆژنامەیە لە درێژەدا نووسیویەتی: "بە بەردەوامیی ئەو دۆخە ئیتر دوژمنانی دەرەکی پێویستیان بە هەوڵ و تێچووی پارە و ئیمکانات و هێز بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو خودی دەسەڵات بە خەرجکردنی سامانی خەڵک و بە ئیمکاناتی خۆی و بە کاریگەرترین شێوە لە حاڵی هەڵوەشاندنەوەی خۆیدایە.''

ڕۆژنامەی ''جمهوری ئیسلامی'' لە درێژەی ڕەخنەکانی خۆی سەبارەت بە دابەزینی بەهای تمەن، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بە ناشایستە زانیوە و نووسیویەتی: ''توانای کۆنترۆڵکردنی کاروباریان نییە و هەموو شتێک لە بابەت بژێویی ژیانی خەڵک بەرەڵا کراوە و لە دەرەوەی بەڕێوەبەریی بەرپرساندایە.''

بڵاوبووبەوەی ئەو بابەتە لەو ڕۆژنامەیەدا لە حاڵێکدایە کە بەپێی بۆچوونی چاوەدێرانی سیاسی، بە دەستپێکی شۆڕشی ژینا و قووڵبوونی قەیرانەکان و یەک لەوان دابەزینی نرخی تمەن، لە بەرەی بناژۆخوازەکانی نزیک بە عەلی خامنەیی، کێشەی جیددی هاتووەتە ئاراوە.