کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسادانەرێکی بریتانیایی: سپای پاسداران فاشیست و شێتە

12:00 - 24 رەشەمه 2722

جان کرایر، نوێنەری پارتی کرێکارانی بریتانیا، لە دانیشتنی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بە "فاشیست" و "شێت" ناو برد کە لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژنان چێژ وەردەگرێت.

بەپێی ڕۆژنامەی "ستاندارد"، ئەم دانیشتنە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، لە نووسینگەی ''کاروباری دەرەوە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدانـ''ـی مەجلیسی عەوام بەڕێوە چوو. لەو ماوەیەدا ئەندامانی پارلمانی بەریتانیا داوایان کرد کە سپای پاسداران بە تیرۆریست بناسێنرێت.

لەم دیدارەدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی مەجلیسی عەوام سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەت بەرامبەر بە سپای پاسداران پرسیاریان لە "جەیمز کلورلی"، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کرد و خوازیاری ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە نەبوونی هەنگاوی یەکلاکەرەوەی حکوومەت لەم پێوەندییەدا کرد.

جان کرایر وتی: ''هەر دوو حیزبی کرێکار و پارێزکاری بریتانیا سپای پاسداران بە فاشیست و شێت دەزانن کە لە ئەشکەنجە و کوشتنی ژنان چیژ وەردەگرێت... بە گومانم وەزیری دەرەوەش هاوڕای ئێمەیە، بەڵام بۆچی هەنگاوی کۆتایی هەڵناگرن و ئەوان بە تێرۆریست ڕاناگەیەنن؟''

هەروەها جۆرج ئیسمیت، نوێنەری حیزبی پارێزکار باسی لەوە کرد: ''بەڵگەکانی دڕندەیی سپای پاسداران بە تایبەت بەرامبەر بە ژنان، دەستێوەردانە شەڕەنگێزانەکانی لە ناوچەکە و هەروەها پشتیوانی لە ڕووسیە و هەڕەشەکانی لەنێو بریتانیا، ڕوون و ئاشکرایە.''

جەیمز کلورلی لە وڵامی ئەو دوو نوێنەرەدا وتی: "ئێمە لەسەر بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بەردەوام قسە دەکەین و هەر بڕیارێک، بە هاوئاهەنگیی دەوڵەتەوە دەدرێت."