شەماڵ تەرغیبی
ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە پێوەری چارەڕەشی یان "فەلاکەت" لە ساڵی ٩٥ـەوە تاکوو ساڵی ١٤٠٠ زیاتر لە ١٥٥ لەسەد بەرز بووەتەوە. ساڵی ٩٥ ناوەندی ئامار ڕایگەیاندبوو کە پێوەری چارەڕەشی لە ئێران ١٩.٣ لەسەدە بەڵام لە ساڵی ١٤٠٠دا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٤٩.٤ لەسەد.
بەپێی زانستی ئابووری هەرچەندە ڕێژەی پێوەری چارەڕەشی زیاتر بێ، نیشان دەدات کە خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە دەبێ سەختی و دژوارییەکی زیاتر بۆ تێپەڕاندنی ژیان ئەزموون بکەن. بە وتەی ئابووریناسان ئەگەر ئابووریی وڵاتێک سالم بێت پێوەری چارەڕەشییەکەی دەبێ لە نێوان ٦ تاکوو ٧ لەسەد بێت و نرخی گەشەی ئابووریش ٢ تا ٣ لەسەد بێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەپێی دوالێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی لە کۆی حەشیمەتی ئێران زیاتر لە ٣٢ میلیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادا دەژین؛ بۆ نموونە جێگری بەشی خۆشبژێویی وەزارەتی کار لە بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە بە هەڵسەنگاندنێکی سەرەپێیی دەرکەوتووە کە ٣٨ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادا ژیان تێدەپەڕێنن؛ ئامارێک کە سەرچاوە ناحکوومییەکان بە درۆی دەخەنەوە و دەڵێن ئاماری ڕاستەقینە بریتییە لەوەیکە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادان کە دەکاتە زیاتر لە ٤٢ میلیۆن کەس.
ئەگەر تەنانەت خودی ئامارە ڕەسمییەکانی حکوومەتیش بە هەند وەربگیرێ و وەها گریمانە بکرێت کە ئەم ئامارە ڕاست و بێ خەوشن، ئەوا دەریدەخەن کە بەپێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسانی حکوومەتی، نەتەنیا هەژاری بەرەو کۆتایی نەچووە و بنبڕ نەکراوە، بەڵکوو بە هۆی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت و چوونەسەری بەردەوام و خێرای تێچووەکانی ژیان، ڕەوتی هەڵکشانی هەژاریش بەردەوام و خێراتر بووە و مانگانە بە لەشکری بێکار و هەژارانی ئێران زیادی کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە، "یەحیا ئیبراهیمی" بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم باسی لە هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە ئێران کردووە و دەڵێ: "هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە ئێران ٣ ڕەقەمییە!"
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە دروشم و بانگەشەکانی دەوڵەتی ڕەییسی و کابینەکەی لە کاتی هاتنەسەرکار کە وتبووی: "هەڵاوسان دەکەینە یەک ڕەقەمی، هەژاریی ڕەها بنبڕ دەکەین و مێکانیزمی گونجاو بۆ گەشەی خێرا و شۆڕشگێڕانەی ئابووری دەبینینەوە"، دەڵێ: "نەتەنیا ئەم وادە و بەڵێنانە نەهاتوونەتە دی بەڵکوو دۆخەکە شپرزەتریش بووە و بەهۆی سیاسەتە هەڵەکان و ناکارامەییەکان دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی پرسی ئابووری لەوانەش لادانە کۆمەڵایەتییەکان، بەدخۆراکی، تاوان و تاوانکارییەکان، تەڵاق و وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن و هەڵاتنی مێشکەکان زیاتر بوون".
هەر لەم چوارچێوەیەدا "ستیڤ هانکە" مامۆستای ئابووری لە زانکۆی "جانز هاپکینز" ڕۆژی سێشەممە لە خشتەیەکدا ئاشکرای کرد کە ئێران بە نرخی هەڵاوسانی ساڵانەی ١٠٢ لەسەد لە پلەی شەشەمی جیهاندایە؛ واتە وڵاتانی سوودانی باشوور، غەنا، کووبا، میانمار، تورکیە و سریلانکا دۆخیان لەباری هەڵاوسانەوە زۆر لە ئێران باشترە!
ئەم باس و خواستانە کاتێک زیاتر گرینگیی خۆیان نیشان دەدەن کە کەمتر لە حەوتوویەکی تر خەڵکانی ئێران بەرەوپیری ساڵی نوێ و نەورۆز و هاوکات مانگی ڕەمەزان دەچن و خودی ڕاگەیاندن و میدیاکانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە نرخی بەشی زۆری پێداویستییەکانی ژیان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.
ئەم دۆخە نەشیاوە وەهای کردووە کە تەنانەت ڕۆژنامەکانی سەر بە دەسەڵاتیش نەیانتوانیوە کەتمانی ڕاستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بکەن؛ ڕۆژنامەی ئوسوولگەرای "فرهیختگان" ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمە لە وتارێکدا نووسی: "بەسەرنجدان بەوەیکە توانای کڕینی خانەوارە کەمداهاتەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ٤٠ لەسەد کەمی کردووە، دەوڵەت دەبێ هەوڵ بدات ئەم کەمایەسییە قەرەبوو بکاتەوە تاکوو پێش بە ئاسەوارە زیانبارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنییەتییەکانی بگرێت."
یان ڕۆژنامەی "جمهوری اسلامی" ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە لە سەروتاری خۆیدا ڕوو لە ئیبراهیم ڕەییسی نووسی: "لەم ١٨ مانگەدا ئێوە ئاغایان کە یەکدەستترین دەسەڵاتی مێژووی ئێرانتان هەبووە، تەواوی ئەو ڕێکارانەی کە بە زەینتان دەگەیشت تاقی کردەوە بەڵام بارودۆخی ئابووریتان لەوەیکە هەبوو ئاڵۆزتر کرد."
بەگشتی ئەوەیکە لەم سەروبەندەدا بۆ ئێرانی داهاتوو وێنا دەکرێت و دەبێ وەک کەتوارێکی حاشاهەڵنەگر سەیری بکەین، تابلۆیەکی تراژیکە کە تێیدا هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان، لادانە کۆمەڵایەتییەکان و .... زەق و زەقتر دەبنەوە و تەنیا ڕێگاش بۆ دەربازبوون لێیان نەهێشتن و سەرەونخوونکردنی دەسەڵاتی زاڵ و لەپاش ئەویش حاکمکردنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی سێکۆلارە کە تێیدا مافی نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێران گونجێندرابێت و بەشداریی سیاسی و ئابووری بۆ هەمووان وەک یەک ڕەچاو کرابێت.