کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەلیم حەقیقی، نووسەری کورد و باوکی شەهیدێکی ڕاپەڕین لە بەرەبەری نەورۆزدا

09:40 - 25 رەشەمه 2722

سەلیم حەقیقی، نووسەری کورد و باوکی شەهید میلان حەقیقی لە شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا، لە بەرەبەری نەورۆزدا پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە سەرەتای ئەم پەیامەدا هاتووە: نەورۆز بۆ ئێمەی کورد هێمای نوێبوونەوە و ڕابوون و هەستانەوەیە، هێمای سەرلەنوێ بونیادنان و دەستپێکی خەبات بۆ ژیانێکی سەربەست و ئازادانەیە.

سەلیم حەقیقی لە نێوئاخنی ئەم پەیامەدا دەڵێت: "لەم ڕاپەڕینە مەزنەدا کە ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، سەدان ئازیزمان لە پێناو مافی نەتەوەیی، ئازادی و سەربەستی لەدەست دان، بریندار بوون و کەوتنە ڕەشە چاڵەکان؛ ئەگەرچی ڕۆح و گیانمان بریندار بوو، ساڕێژبوونەوەشی تەنیا و تەنیا بە ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەییمان وەدەست دێت؛ ئەمەش بە نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژە کورد و داگیرە."

ناوبراو وەک کوردێک و باوکی شەهیدێکی ڕاپەڕینی ژینا ڕوو لە خەڵکی کوردستان دەڵێت: "تکام ئەوەیە نەتەوەی کورد بەتایبەت تاکی زانا و ئازا لەگەڵ حیزبەکانی خۆیان بن و ڕێنوێنیان بکەن و بە هیچ شێوەیەک نەکەونە داوی دووبەرەکی و دژایەتیی یەکتر، با خەڵکی کورد متمانە بە حیزبەکانی خۆیان بکەن."

سەلیم حەقیق لە کۆتاییدا ڕوو لە حیزبەکان دەڵێت: "با حیزبەکانیش گوێ لە خەڵک بگرن و ڕەخنەکان وەرد بدەنەوە و ئەوەی بە مەنتقی سیاسی باشە بیگرنە بەر و قازانج و بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی ڕەچاو بکەن، ئەگەینا مێژوو ڕەحم بە هیچ کەس و ڕەوتێک ناکات."