کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی نوێی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران، بەمەبەستی هێرش کردنەسەر لێکۆڵەرەکانی مافی مرۆڤ

10:29 - 25 رەشەمه 2722

هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە دروستکردنی کەسایەتیی درۆین و ساختەکاری، لە هەوڵی ئەوەدان کە لێکۆڵەرانی بواری مافی مرۆڤ بەلاڕێدا بەرن و هەکیان بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی "سێکێر ڤۆرکس" هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە دروستکردنی کەسایەتیی خەیاڵی بە ناوی" سارا شکووهی" خاوەن بڕوانامەی دوکتورا لە زانکۆی هەرێمی نۆرس وێسترن، لاپەڕەیەکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر کردووەتەوە و لەژێر ناوی شۆرای ئاتلانتیک، داوایان لە هێندێک لێکۆڵەری مافی مرۆڤ کردووە لە پڕۆژەیەکدا کە دوورە لە ڕاستی و خۆیان دایانناوە، بەشدار بن.

تەنانەت ئەو لاپەرە ساختەیە لە تویتێر بەناوی سارا شکووهی لە پێشدا پشتیوانیی لە ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران دەکرد و دەیویست بەو جۆرە ڕەوایی بە خۆی بدات.

هێندێک لە ئەندامانی فەرمیی شۆرای ئاتلانتیک، هەستیان بە ساختەکاری ئەو لاپەڕەیە کردبوو و تێکڕا ڕایانگەیاند کە ئەو لاپەڕەیە گومانی لەسەرە و کەسایەتیی سارا شکووهی ساختەیە.

سکێر ڤۆرکس، لە درێژەی بابەتەکەدا باس لەوە دەکات کە هەکێرەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەستیان لەو کارەدا هەیە و تەنیا مەبەستیان هەککردنی لێکۆڵەرانی بواری مافە مرۆییەکان بووە.

کۆمپانیای ئەمنییەتی سایبێری "پڕۆف پۆینت" لەماوەی ڕابردوودا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپە هەکێرییە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هێرشی سایبێرییان کردووەتە سەر سیاسەتمەدارانی ئەمریکایی و لێکۆڵەرانی بواری پزیشکی.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری موهەندیسی کامپێوتێر لە چوارچێوەی ئامانجە سیاسیی و ئیدئۆلۆژییەکەکانی دژ بە وڵاتان و کەسایەتییەکان بەکار دێنێت.