کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی دۆسیەی گەندەڵیی کەسوکاری خامنەیی لە کۆمپانیاکانی وەلی فەقیهدا

10:59 - 25 رەشەمه 2722

گرووپی هەکێریی ''عەداڵەتی عەلی'' بڵاوی کردووەتەوە کە بە فەرمانی دادستانی ئینقلابی تاران دۆسیەی گەندەڵی، دەستخستنی موڵک و ماڵ لە ڕێگەی نایاسایی و خیانەت لە ئەمانەت لە دوو کۆمپانیای سەر بە نووسینگەی خامنەیی تۆمار کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، گرووپی عەداڵەتی عەلی بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەیەکی گەندەڵیی ڕایگەیاند، دۆسیەی گەندەڵیی ماڵی و گەندەڵیی لە کۆمپانیای گواستنەوەی "کاروان" کە یەکێکە لە لقەکانی دامەزراوەی ''حیکمەتی ئیسلامی سەدرا'' بە سەرۆکایەتی محەممەد خامنەیی برای عەلی خامنەیی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر تۆمار کرا و جێبەجێکردنی ئەو حوکمە بۆ کەسوکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم کەیسەدا ڕێگری لێ کرا.

چوار کەس لەوانە، ئەحمەد حوسێنی خامنەیی، برازای خامنەیی، وەحیدڕەزا تاڵەقانی، زاوای برای خامنەیی، بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی و دزییکردنی گەورە و لەنێوبردن و شاردنەوەی بەڵگەنامە و بەڵگەکان، لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا، بەڵام دواتر چاوپۆشییان لێ کرا و هیچ سزایەکیان بۆ دەرنەچوو.