لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٦٦ی هەتاوی، ڕێژیمی ڕووخاوی بەعسی عێراق شاری هەڵەبجەی لە کوردستانی باشوور کیمیاباران کرد و ٥ هەزار کەس لەو کارەساتەدا شەهید کران.
٣٥ ساڵ لەمەوپێش ڕێژیمی بەعسی عێراق بە کیمیابارانی هەڵەبجە، ژینۆسایدێکی دژ بە نەتەوەی کورد خولقاند کە زیاتر لە ٥ هەزار کەس شەهید و بە هەزاران کەسیش کیمیایی بوون کە ئێستایش ئاسەوارەکانی هەر بەو شارەوە دیارە.
ساڵی ٢٠١٠ی زایینی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی ئەمریکا ئەم کارەساتەی بە گەورەترین تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا و ئەم کارەساتەی بە کۆمەڵکوژی ناساند.
هۆکاری سەرەکیی ئەو کۆمەڵکوژییە، بوونی سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەڵەبجەدا بوو و هێشتا شەڕی ئێران و عێراق کۆتایی نەهاتبوو کە ڕێژیمی ئێران خاکی کوردستانی بۆ هێرشکردنە سەر ڕێژیمی بەعس بەکار دەهێنا.
ئەم کارەساتە تا ئێستا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە فەرمی بە ژینۆساید نەناسراوە.
ئەمە یەکەم جار نییە لە مێژووی نەتەوەی کورددا کە کۆمەڵکوژی کراوە؛ کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و فەیلییەکان، قاڕنێ و قەڵاتان و سەردشت و بە دەیان ژینۆسایدی دیکە ڕوویان داوە کە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو وڵاتانی جیهان لە جێگای بە ژینۆساید ناساندنی، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.