کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: منداڵانی خۆپیشاندەر لە ئێران ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و توندوتیژی بوونەتەوە

16:29 - 25 رەشەمه 2722

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە منداڵانی خۆپیشاندەر لە ئێران کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، لە بەندیخانەکاندا دەستدرێژی سێکسیان دەکەنە سەر و ئەشکەنجە دەدرێن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی ڕاپۆرتەکان لەسەر توندوتیژیی سێکسی دژی خۆپیشاندەرانی بەندکراو لە ئێران، ڕێکخراوی لێبوردەیی نیونەتەوەیی‌ لە ڕاپۆرتێکدا جەختی کردەوە کە منداڵان و مێرمنداڵانی دەسبەسەرکراو لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران کە ژمارەیەکیان تەمەنیان ١٢ساڵانە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە، دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژییەکانی دیکە بوونەتەوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەوەیی هاتووە کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو جۆرە توندوتیژییەک کراوەتە سەر منداڵانی دەسبەسەرکراو، تەنانەت شۆکی کارەباییان لە ئەندامی نێرینەی منداڵان داوە و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بە ئامرازەکانی وەکوو دار و شووشە دەستدرێژی دەکەنە سەریان.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە باسی لەوەش کرد کە هەموو ئەو توندوتیژییانە و ئەشکەنجەی سەرجەم بەندکراوان و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندەران ڕاستەوخۆ بە دەستووری سپای تێرۆریستی پاسداران جێبەجێ دەکرێت.