کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییان

16:41 - 11 رەشەمه 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕەشەمە، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییانی کچی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای ڕاپەڕین و شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران، هەموو ئامرازەکانی سەرکوتکردنی وەکوو، کوشتنی لاوان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، گرتن و بەندکردن و لەسێدارەدانی لاوان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێرانی بەکار هێنا.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی زنجیرەیی لە زیاتر لە ١٠ پارێزگای ئێران و کوردستان لە قوتابخانەی کچان مادەی ژەهراوی بڵاو دەکەنەوە و زیاتر لە هەزار قوتابیی کچ ژەهراوی بوون و ئێستا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە حکوومەتی خۆسەپێن و دژەگەلیی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ٤٤ ساڵی حوکمڕانیی ناشەرعیی خۆیدا، هەموو فێڵە دژە مرۆییەکانی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی بە مەبەستی مانەوەی خۆی بەکار هێناوە؛ وەکوو کوشتنی زنجیرەیی خەڵک و سەپاندنی شەڕی ناڕەوا بەسەر گەلانی ئێران و هێرش بۆ سەر ژنان و کچانی پێشەنگ و دواجار ژەهراویکردنی کچانی قوتابخانە لە زیاتر لە ١٠ پارێزگای کوردستان و ئێران.