خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی شاری سنە، لە دوایین پێنجشەممەی ساڵدا، سەردانی گۆڕستانی ئەو شارەیان کرد و یادی شەهیدانی ڕاپەڕینیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی و لە دوایین پێنجشەممەی ساڵدا، خەڵکی شاری سنە سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان کرد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی شۆڕشی ژینا نوێ کردەوە.
خەڵکی شۆڕشگێڕی سنە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، ڕوو بە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی ڕۆیشتبوون و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەوێ هەڕەشەیان لە بنەماڵەی شەهیدان کردووە کە نابێ هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ببەن و کۆ ببنەوە.
سەڕەڕای هەڕەشەکانی ڕێژیم، خەڵکی سنە لەسەر گۆڕی شەهیدان دروشمی دژی دەسەڵاتی داگیرکەریان وەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە حەسەنئاوای شاری سنە، خەڵکی ئەو شارۆچکەیە بە کۆبوونەوە لەسەر گۆڕی شەهید هوومەن عەبدوڵڵایی، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی شۆڕشی ژینا دووپات کردەوە و دایکی ئەو شەهیدە بە خوێندنەوەی شێعری "قڕمان دەکەن قوڕتان بەسەر" و هەروەها دروشمی "هەتا کوردێ بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ"، پەیمانی بەردەوامبوونیان لە خەبات تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان دووبارە کردەوە.