خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد لە دوایین پێنجشەممەی ساڵدا، لە گۆڕستانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و لەگەڵ شەهیدانی شۆڕشی ژینا پەیمانیان نوێ کردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمە، بەشێک لە خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری مەهاباد بە دوای بانگەواز بۆ کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لە گۆڕستانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و بە وتنەوەی دروشم، لەسەر بەردەوامبوونیان لەسەر ڕێبازی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەستیی کوردستان جەختیان کردەوە.
خەڵکی مەهاباد لەسەر گڵکۆی شەهیدان بە وتنەوەی دروشمگەلی ''قاسملوو قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە''، "هەستەوە هەستەوە، شاری پێشەوا قازی" و "دێموکرات دێموکرات، تۆ حیزبێکی ئازیزی" و ''ژن ژیان ئازادی''، لەسەر ئامانجەکانی گەلی کورد پێداگرییان کردەوە.
هەروەها خەڵکی ئەو شارە بە دژی بەکرێگیراوان دروشمیان دا و تووڕەیی خۆیان بە دوژمنانی گەل و نیشتمان پیشان دایەوە.