کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا دەستی بەسەر بارێکی چەکۆچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە دەریای عوماندا گرت

16:46 - 11 رەشەمه 2722

هێزی دەریایی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕەشەمە، پشتڕاستی کردەوە کە لەم ڕۆژانەدا دەستیان بەسەر بارێکی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کەشتییەک لە دەریای عوماندا گرتووە کە لەنێویاندا مووشەکی ڕێنمایی دژە تانکی تێدا بووە.

هەروەها ناوگانی پێنجەمی ئەمریکاش کە لە ناوچەکەدا جێگیرە، پشتڕاستی کردەوە کە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە، هێزی ئاسمانی و چاودێری و پشتیوانیی ئەمریکا، زانیارییان بە هێزی دەریایی بریتانیا سەبارەت بە بوونی بارێکی نایاسایی چەکوچۆڵی ئێرانی لە کەشتییەکدا لە دەریای عومان داوە. ئەمەش لەلایەن هێزی دەریایی بریتانیا ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمە، پشتڕاست کراوەتەوە.

لە بەیاننامەکەی هێزی دەریایی بریتانیادا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزی دەریایی ئەم وڵاتە بە بەلەمێکی توندڕەو لە کەشتییەکە نزیک بوونەتەوە و ڕایانگرتووە و لە کاتی گەڕاندا باری چەکەکانیان دۆزیوەتەوە.

جگە لە مووشەکی کڕوزی دژە تانک، ئەو بارە کەرەستەی مووشەکی دوورمەودای تیدا بووە کە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر لەوبارەوە نەدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، دەوڵەتی لەندەن ئەو جموجۆڵە نایاساییەی ڕێژیمی ئێرانی بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندووە کە بەپێی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆماری ئیسلامی لە مامەڵەی چەکوچۆڵ قەدەغە کراوە.