کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوچارەنووسیی باوک و کوڕ و، زیندێتیی باوەڕی گەلێک

21:34 - 26 رەشەمه 2722

عەلی بداغی

دوو ڕۆژ دوای ئەوەی "شێرزاد ئەحمەدنیژاد"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان لە ورمێ لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لێ ئەستێندرا، هەر لە ورمێ "محیەدین ئیبراهیمی"، خەڵکی شنۆ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵانی کەم‌ئەندام پاش ٥ ساڵ مانەوەی لەژێر حوکمی ئێعدامدا لەدار درا.

بنەماڵەی محیەدین چارەنووسێکی تڕاژیدیکیان هەیە: محەممەد باپیر، باوکی محیەدین کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، بە دەستی سپای پاسداران شەهید کراوە و نورەدینی برایشی چەند مانگ پێش دەستبەسەرکرانی لەکاتی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆدا بە  دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لێ ئەستێندرا.

بە ئێعدامکردنی محیەدین ژمارەی ئەو بەندییە کوردانەی لە ماوەی ئەمساڵدا لە زیندانەکانی ڕێژیمدا لەسێدارە دراون گەیشتە ٦٦ کەس کە چوار کەس لەوان زیندانیی سیاسی بوون. دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی سەرکوتی شۆڕشی ژیناشدا ١٢٦ لاوی کوردی کوشت کە ٩ کەس لەوان پاش دەسبەسەرکرانیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا.

ئێعدامی محیەدین ئیبراهیمی لەگەڵ ٥ زیندانیی دیکە چوار ڕۆژ پێش نەورۆز و میلیتاریزەکردنی پتری کوردستان و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ژینگەییەکانی دواهەینیی ساڵ لە زۆربەی شارەکانی کوردستان چاوسوورکردنی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دژکردەوەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بە بانگەوازی ناوەندی هاوکارییە کە لەودا داوا لە خەڵکی کوردستان کرابوو: ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە ئاستێکی بەرینتر لە ساڵانی ڕابردوو، یەکگرتووانە و بە ناو و دروشم و هێمای تایبەتەوە بەڕیوە ببەن و بیکەن بە دەرفەتێکی دی بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی دیکەی کورد و تابلۆیەکی جوانتر لە پێشوو لە ئیرادەگەریی نەتەوەیی خۆیان پێشان بدەن.

ئێعدامکردنی محیەدین ئیبراهیمی بێگومان دواتاوانی ڕێژیم لە کوردستان نابێت. ئێعدام لە تەنیشت تێرۆر هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە سیاسەتی بەکردەوەی ڕێژیم بۆ زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە، ئاساییکردنی توندوتیژی و چەکێکی کارا بۆ نەهیشتنی دژبەرانی سیاسیی خۆی بووە. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵێ ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەدار داوە کە هەزاران کەس لەوان کوشتنی سیاسی بوون. هەر بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکان دەردەکەوێ کە کورد و کوردستان لە بواری ئێعدامدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەو تایبەتمەندییە کە سروشتی ئیعدامه‌کان له‌ کوردستان له‌ چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران جیاواز بوون‌.

ئیعدامی سیاسی له‌ کوردستان له‌ سه‌ر بنه‌مای «هه‌وڵی تێکۆشەرانی سیاسی بۆ دژایه‌تیی کۆماری ئیسلامی» و « به‌ دژه‌خودا ناسینی چالاکانی سیاسی» و به‌مجۆره‌ به‌ موسته‌حه‌ق زانینی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ مه‌رگ و سێداره،‌ ڕه‌وتێکی نه‌پساوه‌یه‌ و‌ به‌رده‌وام ئامرازی بەر ده‌ستی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌رکوتی نه‌یارانی سیاسیی کورد بووه‌ و؛ هەروەک گوترا له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ کۆمه‌ڵگەی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان تێچوویه‌کی زۆریان داوه‌. هەر بەپێی ئاماری ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە زیاتر لە 2300 ئەندام، پێشمەرگە و چالاکی سیاسیی کورد بە بڕیاری دەزگای قەزایی و تیمەکانی تێرۆری ئەم ڕێژیمە ئێعدام کراون.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ بەردەوامیی ئێعدامە سیاسییەکان و نەگۆڕبوونی ئەو سیاسەتەی ڕێژیم پاشەکشەیان بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد کورد کردووە؟ مێژووی جووڵانەوەی سیاسیی کورد وەڵامی ئەو پرسیارەی بەباشی داوەتەوە کە نەخێر ئەوەی دوژمن هەتا ئێستا کردوویەتی ئاسنی ساردکوتان بووە. چونکی ئه‌گه‌ر ئیعدام‌ و له سێداره‌دان ‌و زیندان و سەرکوت کاریگه‌ریی له سه‌ر ڕاوه‌ستانی خه‌بات بۆ ئازادی ‌و ڕزگاری هه‌بوایه، هه‌ر له دوای له سێداره‌دانی پێشه‌وا و ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە ده‌بوایه‌ ڕ‌ه‌وڕه‌وی خه‌بات ‌و تێکۆشان له جووڵه که‌وتبا و هیچ تاکێکی کورد باسی له ماف ‌و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد نه‌کردبایه، کە دەبینین وانییە و شۆڕشی ژیناش باشترین نموونەیە بۆ ئەو ئاکامگیرییە.

لە ئێستاشدا کە شۆڕشی ژینا تەنگی بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە و ڕێژیم چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی خەریکە بەتەواوی دادەڕمێ، ڕێبەرانی ڕێژیم بە لێبڕاویی زیاترەوە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و یەک لەوان ئێعدام لەدژی خەڵک ئەویش بەمەبەستی تۆقاندنی کۆمەڵگە دەکار دەکەن، بەشکم لەو سۆنگەیەوە چەند ڕۆژێکی دیکە بە تەمەنی دەسەڵاتەکەیان زیاد بکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئێعدامکردنی محیەدین ئیبڕاهیمی تاوانێکی دیکەشی لە کارنامەی پڕ تاوان و شوورەیی خۆی زیاد کرد. بێگومان هیچ نووسینێکیش ناتوانێ بۆ منداڵەکانی شەهید محیەدین جێگای باوکیان‌ و بۆ هاوژینەکەی جێگای مێرده‌که‌ی‌ بگرێتەوە. بەڵام بێشک ڕۆڵەکانی گەل و نیشتمان شێلگیرانە بە بیر‌و باوه‌ڕه‌وه لە پێناو ئامانجی شەهیداندا هەنگاو دەنێن. خەبات و تێکۆشانی کورد لە ئێستادا پتر لە هەر کاتێک لە پەرەسەندن‌دایە و لە سەرکەوتن نیزیک. بەدڵنیاییەوە خەباتکارانی کوردیش تۆڵەی شەهیدان و ڕۆڵە بەناحەق‌کوژراوەکانی نیشتمان بە سەرخستنی شۆڕشی ژینا و دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد دەکەنەوە.