کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی دوایین ماڵاوایی لە تەرمی نەسرین خانم قاسملوو

21:49 - 26 رەشەمه 2722

لە پاریسی پێتەختی فەرانسە، ڕێوڕەسمێک بۆ دوایین ماڵاوایی لە تەرمی نەسرین خانم قاسملوو، هاوژینی شەهید د. عبدولڕەحمان قاسملوو، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ بۆ ٣ی پاشنیوەڕۆ، بە بەشداریی کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیمای ناسراوی دێموکرات و کۆمەڵێکی تر لە تێکۆشەرانی دێموکرات، ڕێورەسمێکی بەشکۆ بۆ دوایین ماڵاوایی لە تەرمی نەسرین خانم قاسملوو، هاوژینی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکرات و ڕێبەری ناوداری بزووتنەوەی کورد، بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی نەسرین خانم قاسملوو، لەو ڕێوڕەسمەدا دوکتور کەنداڵ نەزان و فرێدریک تێسۆ لە دۆستانی حیزبی دێموکرات و هەروەها بنەماڵەی دوکتور قاسملوو و کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشدار بوون و بە دانانی گوڵ لەسەر تەرمی نەسرین خانم قاسملوو، یادی و ناوی ناوبراویان بەرز ڕاگرت.

هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیارە تەرمی نەسرین خانم قاسملوو لە گۆڕستانی "کلامارت" لە دەوروبەری پاریسی پێتەختی فەرانسە، بە خاک بسپێردرێت.

خاتوو هێلێن کڕۆلیش ناسراو بە خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەر و هاوڕێ و هاوبیری دوکتور قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەمە، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری پاریس کۆچی دوایی کرد.