کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە بۆکان و سەقز و ناوچەی لەیلاخ

10:30 - 27 رەشەمه 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی بۆکان و سەقز و ناوچەی لەیلاخ، بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێوە، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بۆکان و سەقز و ناوچەی لەیلاخ، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پێشوازییان لە نەورۆز کرد.

لە کۆتا هەینیی ساڵدا هێزەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان هەموو ڕێگاکانیان بۆ شاخی تەرەغە، بەردەزەرد و ناڵەشکێنە و شاخی قەرەقا لە ناوچەی گەورکایەتی داخستووە و نەیانهێشت خەڵک بچنە شاخ و سەیرانگاکانەوە.

سەرەڕای ئەمنییەتیکردنی ناوچەکان و سەیرانگاکانی بۆکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزب و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو، سەیرانگا و شاخی تەرەغەیان ڕازاندەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەندامانی حیزب لە بەرەبەری نەورۆزدا بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و نەورۆزی ژینا، لە گوندەکانی باغچە، پاشبڵاغ، سەرباغچە، چواردیوار و تەرەغە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی تایبەت و هەروەها هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

هەروەها ڕۆژی هەینی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە سەقز و لە گوندەکانی "سەرسێف، گەورە قەڵا، عارەبەلەنگ، خورومتا و دەریاوی"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی تایبەت بە نەورۆز و بە دروشمی نەورۆزی ژینا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ناوچەی لەیلاخ، بە دروشمی "نەورۆزی ژینا"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو گوندانەی ناوچەی لەیلاخ کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە "سەراوشارەک و کەژیکەران."

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سپاس و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای ساغی و سڵامەتی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.