کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ڕوانگەی ئایینی نەیتوانی لەنێوان نەتەوەکانی ئێران بەرابەری پێک بێنێت

11:16 - 27 رەشەمه 2722

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان لە درێژەی هەڵوێست و ڕەخنەکانی خۆی ڕوو بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، لە دوایین هەینی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی باسی لە فەرەچەشنی لە ئێران کرد و وتی ئەم فرەچەشنییە لەلایەن هەر حکوومەتێکەوە بێت دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان لە خوتبەکانی خۆیدا لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمە، ڕوو بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ''خەڵکی ئێران وەکوو پەلکەزێڕینەیە، بەڵام ڕوانگەی ئایینی نەیتوانی لەنێوان نەتەوەکانی ئێران بەرابەری پێک بێنێت."

بە وتەی مەولەوی عەبدولحەمید، کێشەکانی ئێران بۆ ڕوانگەی ئایینی و ئەمنییەتی دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وتی: ''هەر حکوومەتێک لە ئێران دەبێ هەموو نەتەوە و ئایینەکان لەبەرچاو بگرێت. ئایین دەبێ لە سەرەوەی باڵ و نەتەوە و ئیتنیک بێت. یەک نەتەوە و یەک ئایین ناتوانێت وڵات ئیدارە بکات. ڕونگەکان نابێ لە ڕووی ئایین، نەتەوە و زمانەوە بێت، بەڵکوو لە ڕووی توانایی و ئاگایی کەسەکانەوە بێت.''

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان ئاماژەی بە تەواوییەتی ئەرزی و فەرەچەشنیی زمان و فەرهەنگە جیاوازەکانی خەڵکی ئێران کرد و وتی ڕێزگرتن لەو فەرهەنگانە لەلایەن هەر حکوومەتێکەوە بێت، پێشکەوتن و خۆشبژێوی و ئەمنییەتی بە دواوە دەبێت.