کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ

11:27 - 27 رەشەمه 2722

بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێ، پەیامێکی بڵاو کردەوە و باسی لەوە کردووە کە کوردەکان لە ھەر شوێنێکدا و لەژێر دەسەڵاتی ھەر دەوڵەتێکدا بن، نەورۆزیان پیرۆز ڕاگرتووە.

لە پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورددا هاتووە: ''ئەگەرچی لەمێژ ساڵە نەورۆزەکانی کوردەواری لە دۆخێکی نەگونجاودا دێن و دەڕۆن، بەڵام تەنیا بەو ھۆیەی کە نەورۆز جەژنی بووژانەوە و ساڵیادی سەرکەوتنی نوورە بەسەر تاریکیدا، بۆ گەلی کورد پیرۆزە و ھەوێنی گەرمتربوونی بڵێسەی ھیوایە بۆ گەیشتن بە دواڕۆژێکی ھێمن و ئاوەدان لەژێر سێبەری ڕزگاریدا.''

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتووە کە لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، ئێران زۆر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دەیان قەیران بووەتەوە. ڕێژەی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و گرانیی لەڕادەبەدەر و زەبروزەنگ و دەسبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ژینگەپارێز، ڕێژەی بەرزی ئێعدام و کوشتن و بریندارکردن و ژەهراویکردنی قوتابییان، لە لوتکەدایە و شتێک بە ناوی ئەمنییەت نەماوە.

بەرەی یەکگرتووی کورد لەو پەیامەدا نووسیویەتی: ''لە ساڵی ڕابردوودا دروشمی ژن ژیان ئازادی بە ڕچەشکێنیی گەنجانی کورد، بوو بە هەوێنی ڕاسانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، جمهورییەت، فیدرالیزم و سێکولاریزم لەسەر بنەمای پێکهێنانی وڵاتێکی دێمۆکراتیکی پێشکەوتوو کە بەشێک لە خەونە لەمێژینەکانمان لەسەر عەرزی واقیعدا بێنێتە دی.''

لە کۆتایی ئەو پەیامەدا هاتووە: ''ھەر بەم بۆنەوە پیرۆزبایی بە ھەموو گەلی کورد و گەلانی ئێران دەڵێین و داوای چاکبوونەوی برینداران و گەڕانەوەی دەسبەسەرکراوان بۆ نێو بنەماڵەیان دەکەین و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەر شەقام دەکەین.''