کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ ١٦ی ڕەشەمە سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییان

17:33 - 11 رەشەمه 2722

کانونی سێنفیی مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا ژەهراویکردنی بەئەنقەستی قوتابییانی کچ لە قوتابخانەکانی بە ''بیوتێرۆریزم'' ناو برد و خانەی فەرهەنگییانی ئێرانیش، عەلی خامنەیی و ناوندەکانی ژێردەستی ناوبراوی بە بەرپرسیاری ئەو تێرۆرانە زانیوە. هەروەها شۆرای سێنفیی مامۆستایان داوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمە کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕەشەمە، خانەی فەرهەنگییانی ئێران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ژەهراویکردنی بەئەنقەستی قوتابییان بڵاو کردەوە، وێڕای ڕێزلێنان لە هەموو ڕێکخراو و گرووپ و چالاکوانەکان، داوای لە هەموو لایەک کرد بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن و بە گەیشتن بە ئەنجامێک وڵامێکی گونجاو بەو هەوڵە تێرۆریستییە بدەن.

ئەندامانی خانەی فەرهەنگییان سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییان داوایان کردووە کە خودی عەلی خامنەیی وڵامی خەڵک بداتەوە و جەختیان کردەوە، لە ئەگەری وەدینەهاتنی ئەو داواکارییە، گومانی ''حکوومەتیبوونی ئەو تێرۆرە'' مسۆگەر دەبێت.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە بانگەوازی خۆیدا داوای کردووە کە ئەو گردبوونەوەیە کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، لە تاران لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم، لە ناوەندی پارێزگاکان لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنان و لە شارستانەکانیش لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنان بەڕێوە دەچێت.