کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران، ٧٧٣ میلیۆن دۆلار خەساری بە ئابووریی ئێران گەیاندووە

16:29 - 27 رەشەمه 2722

ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە پچڕانی بەئەنقەستی ئینتێرنێت لە ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، نزیکەی ٧٧٣ میلیۆن دۆلار خەساری بە ئابووریی وڵات گەیاندووە.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمپانیای تێکنۆلۆژیی "تاپ‌تەن ڤی‌پی‌ئێن" لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە باس لەوە دەکات ڕێژیمی ئێران لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا یەک جار ئینتێرنێتی بەئەنقەست پچڕاندووە و بەو هۆیەشەوە ١.٤ میلیۆن دۆلار زیانی لە ئابووریی ئێران داوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش بۆ پاساوهێنانەوە وتوویانە: "ئینتێرنێت لە دەستی نەیارانماندایە و ناچارین سنوورداری بکەین."

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەو کۆمپانیایەدا هاتووە کە بەپێی زیانەکانی پچڕانی بەئەنقەستی ئینتێرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئابووریی ئەو ئەو وڵاتە زۆرتر داڕووخاوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر دۆخی بژێویی ژیانی خەڵک هەبووە.

پێشتریش "نێت بلاکێز" کە بۆ پچڕان و کێشەکانی ئینتێرنێت بەدواداچوون دەکات، خەمڵاندوویەتی کە زیانی پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران لە ماوەی ٦ ڕۆژ لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەردا، زیاتر لە ٢٦٧ میلیۆن دۆلار بووە.