کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە پیرانشار

17:53 - 27 رەشەمه 2722

دایە خەدیجە خادمی، دایکی شەهید خدر خزروەندی، خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنەخانی پیرانشار بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە خەدیجە، ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە شانازیی بە کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد و ئاواتی ئەوە بوو ڕزگاریی نیشتمانەکەی ببینێت.

شەهید خدر خزروەندی ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی دەڵاوان لەدایک بووە. ناوبراو دوای پەیوستبوونی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بەوپەڕی دڵسۆزی و وەفاداری لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیدا خەباتی کرد.

شەهید خدر لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پلەی تەشکیلاتیی کادری دەرجە ٤ی هەبوو.

ناوبراو سەرەنجام لە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە دەرگیری لەگەڵ هێزە دژەگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی حیزب و گەل بوو.

تەرمی دایە خەدیجە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە لە گۆڕستانی کۆنەخانێ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.